زاری کرمانجی – سۆران :
بریندارکردن و ڕاوە دوونانی کۆڵبەران لە لایەن پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، درێژەی هەیە و دوو کۆڵبەری تر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون، کە یەکێکیان لاوێکی کەم ئەندامە .
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆڵبەرێکی گەنج بە ناوی هێمن خەسرەوی خەڵکی شاری مەریوان لە بەرزایییەکانی سنووری شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی پاسداران بە سەختی بریندار بووە. هێمن پێشتر لە ڕووداوێکدا دەستێکی لەدەستداوە و ئێستاش بە سەختی بریندار کراوە و باری تەندروستیی ناجێگیرە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی نێو ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئازاری شوێنی بریندارەکەی هێمن یان داوە.
هاوکات کۆڵبەرێکی تر بە ناوی ڕزگار مەولوود زادەی خەڵکی شاری بانە، بە هەمان شێوەیە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی پاسداران قاچی پێکراوە و بە سەختی بریندار بوو.