زاری كرمانجی- سۆران
ئەمڕۆ یەكشەممە 30-7-2023 وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، لە پرێسكۆنفڕانسە رۆژنامەوانیدا، زانیاری زیاتر لەبارەی رووداوی كوشتنی دوو ئافرەت لەلایەن هاوسەرەكەیان دەخاتەڕوو.
عەقید شەماڵ دێواری حامد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، رایگەیاند: ” مەبەست لەم كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا خستنەڕووی چەند زانیارییەكە سەبارەت بەو كارەساتە دڵتەزێنەی دوێنێ شەممە لە گەڕەكی كانی شاری سۆران روویدا، ئەویش گیان لەدەستدانی دوو ئافرەت بوو كە بەشێوەیەكی قیزەوەن لەلایەن هاوسەرەكەیانەوە كوژران، ئەم رووداوە دوێنێ كاتژمێر 6ی بەیانی روویدا بوو، بەڵام كاتژمێر 9:30 خولەكی بەیانی بكوژەكە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران كرد و خۆی رادەستكرد، دەستبەجێ تیمەكانمان لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی سۆران چوون بۆ شوێنی رووداوەكەو رێكاری ئەمنی و یاسایی گیرابەر”.
ئاشكراشی كرد ” پێش ئەم رووداوە سكاڵا لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان و خێزانی سۆران تۆماركراوە، فەرمانی گرتنیشی هەر لەوێ دەركرایە، هیچ سكاڵایەك لە هیچ بنكەیەكی پۆلیسی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی سۆران تۆمار نەكراوە دژی ئەم تۆمەتبارە، هەروەها هیچ نوسراوێكی فەرمیش ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، بەشی جولانەوە نەكراوە، كە ئاماژە بە فەرمانی دەسگیركردنی ئەم هاووڵاتییە بدات.