مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
جۆرە دەرمانێکی هیندی تایبەت بە کۆکە و هەڵامەت لە دەرمانخانەکانی عێراق دەفرۆشرێت کە ماددەی ژەهراوی تێدایە و خواردنەوەی دەبێتە هۆی گیان لە دەستدان.
بە پێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی بلوومبێرگ بڵاوکراوەتەوە دەرمانێکی هیندی ڕەوانەی عێراق کراوە و لە دەرمانخانەکاندا دەفرۆشرێت، دەرکەوتووە ماددەیەکی کیمیاوی ژەهراوی تێدایە و خواردنەوەی بە ڕێژەی کەمیش دەبێتە هۆی گیان لەدەستدان.
لە هەواڵەکەدا هاتووە: “دیارترین ئەو دەرمانە هیندییانەی ماددەی ژەهراوی تێدایە، لە جۆری ( gold out flu ) کە بۆ کۆکە و هەڵامەت و تا و لەرز بە منداڵان دەدرێت.”
هاوکات ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە چەند شوێنێکی دیکە تاقیکردنەوەی لەسەر دەرمانە هیندییەکان کردووە و دەرکەوتووە ماددەی ethylene glycol تێدایە کە دەبێتە هۆی گیانی لەدەستدانی منداڵان.
گوتەبێژی تەندروستی عێراق ئامادە نییە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن لێدوان لە سەر چۆنیەتی هاوردەکردنی ئەو جۆرە دەرمانە بدات بۆ عێراق و تەنیا ئەوە دەڵێ : “هەموو دەرمانێک بە چاودێری و کوالێتی کۆنترۆڵدا تێپەڕ دەبێت.”
لاى خۆيهوه، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند : “هەموو هەواڵێك لەبەرچاو دەگرین، كاتێك هەواڵێك بڵاودەبێتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی كۆنتڕۆڵی جۆری ئاگادار دەكەینەوە، لەلایەن ئەوانەوە بەدواداچوونی بۆ دەكرێت ئەگەر هەبێت پشكنینی بۆ دەكرێت، گەر پێویستیش بكات بەكارهێنانی رادەگرین.”
زاری کرمانجی، دە مانگ بەر لە ئێستا لە بارەی ئەم جۆرە دەرمانەوە هەواڵێکی بڵاو کردەوە کە ببووە هۆی مردنی دەیان منداڵ لە گامبیا، نیودەلهی.