ناسک نەسیری
کە باس لە دابەشبوونی کوردستان دەکرێ، باس لە خەسارناسی دێتە بەرەوە. خەسارناسیی ئەوەی کە دۆخی کورد بۆچی ئاوایە کە هەیە؟ پێدەچێ بمانهەوێ کۆی تاوانەکە بخەینە سەر هۆکاری دەرەکی و وڵاتانی بیانی. بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە ئەمەیان تەنیا یەک هۆکارە و هۆکاری تر هەن کە زۆرن و گرنگن. یەکێک لەو هۆکارانە، نەبوونی ناسیۆنالیزمی کوردیە واتا نەبوونی شوناس و پێناسەی نەتەوەیی بۆ کورد. کە پێناسەیەک نیە، واتا بەرژەوەندی و حەزەکان یان ڕوون نین یان بگۆڕن و هەر جارە و بە بایەک دەگۆڕدرێن. ئەم نەبوونی ناسیۆنالیزمە وایکردووە کە دروشمەکان و ستراتژیەکان ناکوردستانی بن و بەرەو لای ئێرانی و عێراقی و تورکی و سووری بووندا بشکێتەوە.
نایەکگرتوویی ناوماڵی خۆمان و داشکاندن بۆ داگیرکەر و ئەگەر سیاسیانە بێژم، ئانارشی لە ناو ماڵی خۆمان و ئاشتیخوازی و یەکگرتوویی لە دەرەوەی ناو ماڵی خۆمان، خەساری سەرەکیی کوردستانە.
لە ڕاپەڕینی ژینا وەک نموونە، هەموو هەوڵەکان بۆ یەکگرتوویی لەتەک فارسەکان بوو کەچی تا ئێستا بەقەرا سەرە دەرزیەکیش هەوڵ بۆ یەکگرتوویی نەدراوە هیچ، بگرە تا دێ درز و کەلێنەکان گەورەتر دەبنەوە.
بە ئاوات و هیوا خواستن هیچ ناکرێ، بە تاوانبار کردنی ئەم و ئەویش هیچ ناکرێ. کوردگوتەنی ئەگەر دەرزیەک لە خەڵک ڕادەکەین با سەرەتا شووژنێک لە خۆمان ڕاکەین. با بچینە بەر ئاوێنەی ویژدانی نەتەوەییمان و پێ لە هەڵەکانی خۆمان بنێین و قەبووڵی بکەین کە بنچی خەم هەر خۆمانین و هۆکاری پێنەگەیشتن خۆمانین و لەوە بەدواوە ڕێگایەکی تر لەسەر پێناسەی نەتەوەیی بوون بگرینە بەر.