زاری كرمانجی- سۆران:
نووسەر و شارەزایەك لە بواری چارەسەری پزیشكی تەواوكاری لەبارەی خواردنەوەی قاوە، بۆ دابەزاندنی كێش زانیاری دەخاتەڕوو و هەروەها لەو زیانانەش دەكات كە لە خواردنەوەی قاوە دا زیادەڕەوی دەكرێت.
كرێكار قادر روستایی، نوسەر و شارەزا لە بواری چارەسەری پزیشكی تەواوكاری، دەڵێت” قاوە خواردنەوەیەكی دەمكراوە لە دانەی قاوەی برژێنراو دروستدەكرێت، كاتێك بەرەكانی قاوە لە رەنگی سەوزەوە دەگۆڕێن بۆ سوورێكی تۆخ، دەگەیێت و دەدوورێنەوە، پاكدەكرێنەوە و وشكدەكرێنەوە، دەنكە وشككراوەكانی قاوە بە پلەی جیاواز دەبرژێنرێن، بەپێی تامی خوازراو، دواتر دەهاڕدرێن و دەم دەكرێن بە ئاوێكی كوڵهاتوو بۆ دروستكردنی خواردنەوەی، قاوە تاڵە، كەمێك ترشاوییە و كاریگەریی وریاكەرەوەی هەیە لەسەر مرۆڤەكان، بەهۆی ئەو كافاینەی كە تێیدایە، یەكێك لە بەناوبانگترین خواردنەوەكانە لە جیهاندا و دەتوانرێت بە چەندان شێواز ئامادە بكرێت وەك، ئێسپرێسۆ، پرێسی فەڕەنسی، كافێ لاتێ و قاوەی قوتووكراوی دەمكراو، بەزۆریش بە گەرمی ئامادە دەكرێت، بەڵام قاوەی ساردبووەوە و سەهۆڵاویش دروست دەكرێت، زۆرجاریش بۆ كەمكردنەوەی تاڵیەكەی شەكر، شیر یان كرێم بەكاردەهێنن.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا قاوە، چا، شەربەت یاخود هەر دەرمانێكی دیكە و گژوگیایەكی سروشتی تەندروستە بخۆرێتەوە و بەكاربهێنرێت بۆ دابەزاندنی كێش؟
كرێكار قادر، دەڵێت” لەڕووی زانستییەوە ئەم جۆرە دەرمانە سروشتی و دروستكراوانەی هەیە ئینجا كیمیاوی و گیایی بێت یاخود قاوە، چا، شەربەت و هەر جۆرە ماددەیەك بن بەدڵنیاییەوە بەدەرنینە لەزیانەتە ندروستییەكان، تەنانەت هەر دەرمانێك كە لەڕووی زانستیشەوە تاقیكردنەوەی لەسەركرابێت، بەنموونە لەلایەن رێكخراوی (FDA) ئەمریكی رێگە پێدراو بێت لایەنی خراپی هەر هەیە، جا ئەگەر دەرمانێك بێتن ئەزمون و تاقیكردنەوەی لەسەر نەكرابێت و بە فلتەرێكی زانستی تێنەپەڕی بێت، بەدڵنیاییەوە كێشە و گرفت و زیانی زۆر زیاتری هەیە لەو دەرمان و ماددە ئامادەكراوانەی كە بە فلتەری زانستی تێپەڕی بن، كەواتە هەر جۆرە دەرمان و ماددەیەكی كیمیاوی و گیایی، ئینجا تێكەڵ بێت بە هەردوو ماددەی كیمیاوی و گیایی، كەپسول، هاڕاوە، ئاوتك، چا، شەربەت و قاوە بەهەر جۆرێك بێت زیانی بۆ تەندروستی بەكارهێنەرەكە هەیە، بۆیە دەبێ خەڵك هۆشیار بێت و لەخۆیانەوە هیچ دەرمانێكی دابەزاندنی كێش لە خۆیانەوە نەكڕن و بەكاری نەهێنن، چونكە دەبێ لەلایەن پزیشكی پسپۆڕ، كەسانی شارەزا و پسپۆڕی رێنمایی و ئامۆژگاری لەبارەیەوە بدەن كە چۆن بەكاردێت و كاردەكاتە سەر جەستە.
هەروەها ئاشكراشی دەكات” لە هەمووی سەیرتر و كارەساتتر ئەوەی من دەیبینم ئەوەیە لەشوێنی جوانكاری پیاوان و خانمان خاوەنەكەی هاتووە بە ڤیدیۆ رێكلام و پڕوپاگەندە دەكات تەنها بۆ پارە پەیداكردن و بازرگانیكردن، كەوتۆتە بڵاوكردنەوەی رێكلامی قاوەی دابەزاندنی كێش بەگرەنتی، هیچ دەرمانێكی كیمیاوی و گیایی هەر جۆرە ماددەیەك بێت گرەنتی لەگەڵ نییە و دوورە لە هەموو بنەمایەكی زانستی پزیشكی، بۆیە چیتر بە رێكلام و پڕوپاگەندەی سۆشیاڵ میدیا هەڵمەخەڵەتێن.
زیانەكانی زۆر خواردنەوەی قاوە بۆ دابەزاندنی كێش بریتین لەمانەی خوارەوە:
-دروستكردنی ئازار لەنێو سنگ.
-پلەی گەرمی جەستە بەرز دەكاتەوە.
-دەبێتە هۆی ناڕێكی لێدانی دڵ.
- جەستە تووشی وشكبوونەوە دەكات.
- گرفت لە هەناسەدان دروست دەكات، وەك تەنگە نەفەسی.
- هۆكارە بۆ لەدەستدانی كۆنتڕۆڵی جوڵەی ماسولكەكان.
- قەلەقی و دوو دڵی زیاد دەكات.
-دەبێتە ژەهر لە ناو لەشدا و كۆئەندامی دەمار دەهەژێنێت. - دەبێتە هۆی میزە چركە.
- دەست لەرزین زیاد دەكات، كاریگەری خراپی دەبێ لەسەر جگەر و گورچیلە.
هەروەها خواردنەوەی زیاتر لە چوار كوپی قاوە لە رۆژێكدا كاریگەری لاوەكی دەبێت وەك سەرئێشە، كەم خەوی، ناڕێكی لێدانی دڵ، قەلەقی و كەم خوێنی و كەمی ماددەی ئاسن لە جەستەدا.
ئەم نوسەر و شارەزایەی بواری چارەسەری پزیشكی تەواوكاری، دەشڵێت” بۆ كەسێكی تەندروست رۆژانە خواردنەوەی 400 ملیگرام كافایین ئاساییە، بەڵام بۆ منداڵان زیانی هەیە و پێویستە نەیخۆنەوە، ئەو كەسانەی نەخۆشییان هەیە یاخود كێشی لەشییان زۆرە پێویستە كەمتر لەم بڕە بخۆنەوە، خانمانی دووگیان رۆژانە دەتوانن 200 ملیگرام بخۆنەوە، بەڵام لەمە زیاتر بەهۆی بوونی كافین زیان بە كۆرپەكە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی لەبارچوون، هەروەها هەبوونی رێژەیەكی زۆری كافاین و زۆر میزكردن، لەش شلەیەكی زۆر لەو رێگەیەوە لەدەست دەدات و ئەگەری تووشبوونیان بە وشكهەڵاتن زیاتر دەبێت و بەتایبەتی كاریگەری لەسەر پێست بە دیار دەكەوێت، خواردنەوەی قاوە بۆ تەمەنی هەرزەكاریش تەندروست نییە و وا باشترە دووربكەونەوە لێی.