مههدى محهممهد – زاری کرمانجی :
هەر یەک لە مارکۆ ڕوبیۆ سیناتۆری کۆمارییەکان و ئەلێکس پادیلا سیناتۆری دیموکراتەکان، پرۆژە یاسایەکی هاوبەشیان بە ناوی یاسای مافەکانی مرۆڤی (ژینا ئەمینی ) کە بە “یاسای مەهسا” ناسراوە، خستە بەردەستی ئەندامانی ئەنجوومەنی سینات.
هەر دوو حزبی کۆماری و دیموکرات، پاڵپشتی خۆیان نیشان داوە بۆ ئەم پرۆژەیە و یاساکە بەڕێوەبەرایەتی بایدن پابەند دەکات بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر کاربەدەستانی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەیان.
سیناتۆرە کۆماریخوازەکە لە تویتێکدا لە بارەی پرۆژە یاساکەوە نووسیویەتی : “پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ئایەتوڵڵاکانەوە بەرامبەر بە خەڵکی ئێران، دڕندانەیە. ڕژێمی ئێران وەک پشتیوانێکی تیرۆریزم، مایەی ماڵوێرانییەکی زۆرە بۆ گەلی خۆی و ژمارەیەکی بێشوماری وڵاتانی دیکە. ئەمەریکا پێویستە گوشارە ئابوورییەکان بەرامبەر بەرپرسانی باڵای ڕژێمی ئێران چڕتر بکاتەوە کە بە شێوەیەکی چالاکانە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان دەکەن.”
هاوکات سیناتۆری دیموکراتەکان یش بە هەمان شێوە نووسیویەتی : “دوای کوشتنی دڕندانەی ژینا ئەمینی، خۆپیشاندەرانی ئێران لە دەربڕینی تووڕەیی خۆیان بەرامبەر بە ڕژێمی ئێران ورەیەکی سەیریان لە خۆیان نیشان دا. ئێمە پێویستە لێپرسینەوە لە سەرکردەکانی ئێران بکەین سەبارەت بە سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکان و سەپاندنی سانسۆری توند بەسەر خەڵکەکەیدا. من پشتیوانیم لە چەندین بڕیارنامە کردووە بۆ شەرمەزارکردنی ڕژێمی ئێران سەبارەت بە مەرگی خاتوو ئەمینی، وە بەردەوام دەبم لە داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی ئێران بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بوێرانەی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی ئازادییە سەرەتایییەکانیان.”
(یاسای مەهسا) لە مانگی چواری ئەمساڵ کە لە لایەن چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاوە پێشکەش کرابوو، لە دانیشتنی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەمەریکا بە زۆرینەیەکی زۆر پەسەند کرا.
هاوکات بەپێی یاسای مەهسا، دەبێت سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ماوەی 90 ڕۆژدا دوای پەسەندکردنی یاساکە و بە شێوەی ساڵانە دیاری بکات کە ئایا تاک یان قەوارەیەک ئەو مەرجانەیان تێدایە کە پێویست بکات سزایان بخرێتە سەر یان نا، وە ئەگەر سزاکان نایانگرێتەوە، ئەوا دەبێت ڕوونکردنەوەی پێویست بخاتە بەردەست.