مههدى محهممهد – زاری کرمانجی :
حەشدی شەعبی دوای سێ ساڵ، جارێکی تر هەوڵەکانی دەستپێکردووتەوە بۆ دروستکردنی هێزێکی کوردی لە ژێر ناوی حەشدی شەعبی کوردی، حەشدی شەعبی دوای ئەوەی لە ساڵی 2020 سەرکەوتوو نەبوو لە دروستکردنی ئەو هێزە، لە ئێستادا بە سوود وەرگرتن لە بارودۆخی شارەکە و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی، هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی هێزە کوردییەکەی دەستپێکردووتەوە لە شاری کەرکووک.
بەشێکی زۆری کەرکووکییەکان، چەکداری بوون لە نێو ئەو هێزەدا بە جاشایەتی ناوی دەبن و ترسیان لە ئامانجەکانی پاڵ دروستکردنی ئەو هێزە هەیە.
ساڵی 2020 یەکێک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی کورد لە کەرکووک، ئەو کات لە بارەی دروستکردنی حەشدی شەعبی کوردی ڕاگەیاند: “بە ئامانجی پاراستنی ئەمنییەتی سنوورەکە، لە گوندی چەخماخەی ڕۆژئاوای کەرکووک هێزێکی حەشدی شەعبی کوردی پێکهێنراو ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پڕچەک دەکرێن.”
دوای سێ ساڵ، حەشدی شەعبی بە شێوەیەکی فراوان هەنگاو دەنێت بۆ پێکهێنانی حەشدی شەعبی کوردی لە سنووری کەرکووک.
ئەدهەم جومعە، دامەزرێنەری ئەو هێزە هێما بۆ ئەوە دەکات کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو هێزە 150 کەسییەی لە ساڵی 2020 لە سنووری کەرکووک دروست کرا، دووبارە پێک دەهێنرێتەوە و دەست بە دەوامکردن دەکەنەوە. گوتیشی :” پێکهێنانەوەی ئەو هێزە سەرەتا و دەرگایەکە بۆ ئەوەی کورد بچێتە ناو ئەو هێزەوە.”
جومعە لەبارەی هێزەکەشەوە دەڵێ : “ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی ڕەزامەندیی دەستەی حەشدی شەعبی دامەزراندن بەردەوامە، پێشبینی دەکەین لە ماوەی کەمی داهاتوو ڕێوشوێنەکان تەواو بن، ” جومعە ڕەتی دەکاتەوە کە بیرۆکەی دامەزراندنی حەشدی کوردی پەیوەندی بە لایەنێکی سیاسی کوردی یان عەرەبی یان تورکمانییەوە هەبێت، بەڵام گومان هەیە بەوەی هاوئاهەنگییەک لە نێوان چەند هێزێکی سیاسیی کوردی و شیعە هەبێت بۆ ڕاکێشانی گەنجی کەرکووک بۆ ناو حەشدی شەعبی و دوورخستنەوەی شارەکە لە کوردستانیبوون.
هاوکات بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک، دووبارە زیندووکردنەوەی حەشدی شەعبی کوردی بە هەنگاوێکی مەترسیداری دەبینن بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد لە شاری کەرکووک و ترسیان لەوە هەیە ڕۆڵەکانیان ببنە کاڵای دەستی فەرماندەکانی حەشدی شەعبی و بە ئارەزووی خۆیان ڕاپێچی ناو ململانێ ناوخۆیییەکانی ناوچەکەیان بکەن و بیانکەنە قوربانی .
بەپێی زانیارییەکانی بەردەست، لە ئێستادا هێزی حەشدی شەعبی کوردی ژمارەیان 150 کەسە و بارەگای سەربازیان لە سنووری شوان و لەیلان دادەمەزرێنن و فەرمانی ڕاستەوخۆ لە دەستەی حەشدی شەعبییەوە وەردەگرن.
له لايهكى تريشهوه رۆژنامەی ئەلعەرەب كه له لهندهن دهردهچێت، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا باس لەوە دەكات كە “پێكهێنانی حەشدی كوردی لە كەركوك و سەڵاحەدین مشتومڕ دروستدەكات و دەڵێت: “هێزەكانی هاوپەیمانی ئێران، تۆمەتباردەكرێن بەوەی لە پشتی ئەو كارەوەن، بە ئامانجی لێدان لە پێشمەرگە و داخستنی رێگا لەبەردەم دواكارییەكانی كورد لەو دوو پارێزگایە، بە تایبەت لە كەركوكی دەوڵەمەند بە نەوت”.