زاری کرمانجی – سۆران:
بەپێی راگەیاندراوی بەشێک لە شارەوانییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە لایەن کۆمپانیای پاپا گرووپ کە تایبەت بە پاککردنەوەو فڕێدانی زبڵ و خاشاک ئاگادارکراونەتەوە، ئەو کۆمپانیایەکارەکانیان راگرتووە لە سنووری ئیدارەی سۆران، زاری کرمانجی بە دواداچوونی لەسەر هۆکاری راگرتنی کارەکانی کارمەندانی پاپاگرووپ کردوو لەم بارەیەوە نەوزاد حەمەد ، سەرپەرشتیاری پاپاگرووپ لە رواندز بە زاری کرمانجی راگەیاند” ماوەی پێنج مانگە حکومەت شایستە داراییەکانی کۆمپانیای پاپاگرووپی نەداوە، کۆمپانیاش ماوەی ٢ مانگە پارەی نەداوە بە کارمەندانی ئەمە وایکردووە کۆمپانیای پاپاگرووپ کارەکانی خۆیان رابگرن، جگە لە خاوێنکردنەوەی شەقامەسەرەکییەکان و ئاو دانی دارو نەمامەکان”.
لای خۆیەوە ئەندازیار نامیق ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای پاپاگرووپ لە سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” ماوەی دوومانگە کرێکارانی پاپاگرووپ کرێی خۆیان وەرنەگرتووە ئەمە هۆکاری سەرەکی بووە بۆ ئەوەی لە هەندێ شوێنی ئیدارەی سۆران کارەکانیان رابگرن، لە دوێنێ شەوەوە پێمان راگەیاند کە نابێت کارەکانیان رابگرن، بۆیە لە کاتژمێر ٣ بەرەبەیان تیمەکان وەک رۆژانی ئاسایی دەستییان بەکارەکانی خۆیان کردۆتەوە، لە گەڵ کارمەندانی باڵەکایەتیش لە سەر هێلین بۆ ئەوەی ئەوانیش دەستبەکارەکانیان بکەنەوە، کارمەندانی پاککرەوە ئەرک و مافیان هەیە، کاتێک ئەرک جێ بەجێ دەکەن دەبێت مافیشیان پێ بدرێت، کرێی مانگەکانی ٦-٧ یان بۆ خەرجنەکراوە، هی کۆمپانیاش ئەوە ٥ مانگە نەدراوە، پارەی مانگەکانی ٣-٤ کراوەتە چەک بەڵام تاکو ئێستا خەرجنەکراوە”.
نامیق ئیبراهیم ، گوتیشی ” لە خەلیفان دەستکراوەتەوە بەکارکردن ،لە سۆران و بەشی زۆری قەزاو ناحیەکان کارکردن بەردەوامە، رۆژانی هەینیش خۆی پشووەو کارمەندان کار ناکەن، ئەمەش وادەکات زبڵ و خاشاکێکی زۆر کۆببێتەوە، حکومەتیش لەهەوڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەیە ، بۆیە بەکارمەندانی خۆمان گوتووە بچنەوە سەر کارەکانیان .