شەهلا رەشید- سۆران:
بەرپرسی بنكەی تەندروستی زۆزك، رایدەگەینێت، رۆژانە نزیكەی 100 كەس بۆ وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی سەردانی بنكەكەمان دەكەن، كە زۆربەیان بەهۆی پەتای وەرزیە، هەروەها هەندێكیشیان بۆ رەوانەكردنی نەخۆشخانەی ئاشتی، سەردانمان دەكەن.
هادی خەلیل، بەرپرسی بنكەی تەندروستی زۆزك، بۆ زاری كرمانجی، دووپاتی كردەوە، رۆژانە پزیشكی پلەبەندی راوێژكاری و ددان بۆ بینینی نەخۆش دادەنیشن، جیا لەمانەش رۆژانی یەك شەممە و چوارشەممە پزیشكی شارەزای گشتی چاودێری دایكان لە بنكەكەمان نەخۆش دەبینێت.
گووتیشی:” ماوەیەكی زۆربوو گرفتی نەبوونی دەرمان لە هەموو بنكە تەندروستییەكانی سۆران دروست ببوو، بەڵام دوای كردنەوەی كۆگایی پێداویستییە پزیشكیەكان و داودەرمان ئەم گرفتە كۆتایی پێدێت، كە ئەمەش یەكێك بووە لە هەنگاوە باشەكان و چیتر رووبەڕووی گرفتی كەمی دەرمان نابینەوە”.