دوای ئەوەی لە ئێوارەی 23ی تەمووزی 2023 لە شاری زاخۆ و لە كردەوەیەكی تیرۆریستیدا ئەفسەری ماندوونەناس عەمید محەمەد میرزا شەهید كرا، ئەمشەو ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وردەكاریی رووداوەكە و ئەنجامدەرانی كردە تیرۆریستییەكەی ئاشكرا كرد.
شەوی رابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە لە ئێوارەی 23ی تەمووزی 2023دا، لە كردەیەكی تیرۆریستی لە شاری زاخۆ، عەمید محەمەد میرزا ئەفسەری ماندوونەناس لە رێگەی بۆمبێكی لكێندراو بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە بە ئامانج گیرا و بەداخەوە شەهید بوو.
دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی ورد لە لایەن تیمەكانمانەوە، بەڵگەی پێویست بەردەستن لەسەر ئەو كەس و گرووپە تیرۆریستییەی بەم كردەوە تیرۆریستییە هەڵساون و لە لایەن پەكەكەوە نێردراون.
بەپێی راگەندراوەكە، لە بەرەبەیانی 23ی تەمووز لە رێگەی ئۆتۆمبێلی جۆری هیۆندای تۆكسۆن رەنگی سپی ژمارەی تابلۆی ساختە، كە بۆ خۆدزینەوە لە بازگەكان و دوور لە چاوی كامێراكانی چاودێری لە رێگەیەكی لاوەكییەوە هاتوونەتە ناو شاری زاخۆ و چاودێری ماڵ و ئۆتۆمبێلی شەهید محەمەد میرزا دەكەن، لە سەعات چواری بەرەبەیان بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبیڵەكەی شەهید دەبەستن.
“لە سعات 7:49 خولەكی ئێوارەی هەمان رۆژ لە شەقامێكی گشتی لە زاخۆ لە رێگەی ریمۆت كۆنترۆڵەوە بۆمبەكە دەتەقێنرێتەوە، ئێمە لە لایەن دامەزراوەكانی سەر بە ئەنجوومەنەكەمان زانیاری تەواومان هەبوو كە لە ماوەی رابردوودا سەركردایەتیی پەكەكە پیلانیان بۆ بەئامانجگرتنی ژمارەیەك لە ئەفسەرانی دەزگەكانی ئاسایشی هەرێم و هێزە سەربازییەكانی تر داڕشتبوو، بە مەبەستی جێبەجێكردنی پیلانە نەگریسەكەشیان، چەندان مەفرەزەی خۆیان راسپاردووە و راهێنانیان لەسەر دروستكردن و دانان و لكاندنی بۆمبیان پێ كردوون و هەوڵی دەربازبوونیان بۆ ناو هەرێمی كوردستان داوە”، وەك لە راگەیاندنەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشیدا هاتووە.
دووپاتی كردەوە، سەرەڕای سەركۆنەكردنی ئەم كردەوە تیرۆریستییە، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهید عەمید محەمەد میرزا دەكەین، رای دەگەیەنین كە بكەرانی ئەم كردەوە تیرۆریستییە لە هەر شوێنێك بن، باجی ئەم كردەوە ترسنۆكەیان دەدەن و بە سزای یاسایی خۆیان دەگەینرێن، لەو بارەشەوە رێوشوێنی گونجاو گیراوەتە بەر.