سۆران سرێشمەیی-خەلیفان :
هاووڵاتییانی گوندی “پەركین”ی سەر بە ناحیەی خەلیفان داوای دابینكردنی ئاوی پاك دەكەن و بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی خەلیفانیش دەڵێت، بەم نزیكانە كێشەی ئاو لەو گوندە چارەسەر دەكرێت.
ڕەسوڵ محەممەد دانیشتووی گوندی پەركین بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ساڵانێكە بە دەست گرفتی بێ ئاوی دەناڵێنین، بە تایبەت لە وەرزی هاوین، كەم ئاوی تەنگمان پێ هەڵدەچنێت، ئەگەرچی ماوەیەكی زۆرە بیری ئاوی خواردنەوەمان بۆ لێ دراوە، بەڵام تا ئێستا تۆڕی ئاو بۆ ماڵەكان ڕانەكێشراوە تا لەو دۆخە خراپە ڕزگارمان ببێت. بۆیە داواكارین لە لایەنی پەیوەندیدار ئەو كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكەن.”
ئومێد حسێن، دانیشتووی گوند دەڵێ:” چەندین جار داوامان لە بەرپرسانی ناحیەی خەلیفان و تەنانەت بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران و دەوروبەریشمان كردووە، بەڵام تا هەنووكەش ئەو كێشەیەمان بۆ چارەسەر نەكراوە.”
بۆ ئەم مەبەستە زاری كرمانجی پەیوەندی بە دلێر ڕەشید بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی خەلیفان كرد و ئەویش دەڵێ:” لە ڕابردوو بە تانكەر ئاومان بۆ دانیشتووانی سەرجەم ئەو گوندانە دابینكردووە، كە كێشەی نەبوونی یانیش كەمی ئاوی پاكیان هەیە، خۆشبەختانە بیرمان بۆ بەشێكیان لێداوەو تەنیا ماوە تۆڕی ئاویان بۆ ڕابكێشرێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی تەواومان داوە و پرۆژەی ئاوی پەركین و چەند گوندێكی تر لە سنووری ناحیەی خەلیفان گەیشتووەتە قۆناخی كۆتایی و بەم نزیكانە دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی هێڵی ڕاكێشانی بۆڕی ئاو بۆ دانیشتووانی ئەو گوندانە.”