موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
ئەمڕۆ هەینی، لە کوێستانێکی دەڤەری برادۆست، گەنجێک کە پیشەی شوانکاری بووە بەرمین کەوت و بەشێک لە جەستەی لە دەستدا .
کاروان فەیسەڵ بەڕێوەبەری کارگێڕی بنکەی تەندرووستی سیدەکان، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” بەرەبەیانی ئەمڕۆ،گەنجێک بە ناوی ” سیروان نەبی ساڵح ” تەمەن 15 ساڵان، خەڵکی گوندێکی دەشتی هێرتی سەر بەقەزای سیدەکانە و لە کوێستانی سەرووکە بەرمین دەکەوێت و بەسەختی بریندار دەبێت.
بەڕێوەبەری کارگێڕی بنکەی تەندرووستی سیدەکان، دەڵێت:” ئەو گەنجە پیشەی شوانکاری بووە، بەهۆی ئەو ڕووداوە بەشێک لە دەستی ڕاستی لە دەستداوە و قاچیی ڕاستیشی برینێکی گەورەی لێ دروست بووە و باری تەندروستی باش نییە، دووای چارەسەری سەرەتایی، ڕەوانەی فریاکەوتنی سۆرانی دەکەین.
بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای قەزای سیدەکان و سەرسنووری ناوچەکە، لە شەڕی عێڕاق – ئێراندا لەلایەن هەردوو وڵات ڕێژەیەکی یەکجار زۆر مین و تەقەمەنیان داناوە، لەوکاتەوە تا ئێستا بنبڕ نەکراوە و دەیان خەڵکی ئەو دەڤەرە و کاسبکاری شوێنەکانی دیکە بەرمین کەوتوون و بوونەتە قوربانی.