زاری كرمانجی- سۆران :
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران، 12 ئامێری بیر هەڵكەندنی نایاسایی كە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستیان بەسەرداگرتبوو رادەستی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كرد .
عەقید ئەمیر خۆشەوی عیسا، گووتەبێژی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند ” ئەم ئامێرانە كە بەشێوەی نایاسایی لە سنووری بەرێوەبەرایەتیمان كاری هەڵكەندنی بیریان دەكرد، دوای دەستبەسەرداگرتنیان و ئەنجامدانی رێكاری یاسایی و ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ تۆمەتباران، لە لایەن بەرێز دادوەرەوە بڕیاردرا ئامێرە دەستبەسەر داگیراوەكان رەوانەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكان ئاو بكرێت”.
زیاتر روونیكردەوە ” دوای پێكهێنانی لیژنە لە لایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وبەرێوەبەرایەتی كشت و كاڵ و سەرچاوەئاوییەكانی سۆران، ئامێرەكان رەوانەی كارگەی شیش كران بە مەبەستی تواندنەوەیان”.
عەقید ئەمیر خۆشەوی گووتیشی “ئەم ئامێرانە لە چەند جۆری جیاواز پێكهاتوون و لە ماوەی 2 ساڵی رابردوو دەستیان بەسەر داگیرا بوو”.