دیدار-شەهلا رەشید
پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست و جوانكاری زانیاری لەبارەی رەشبوونی پێستی ژێر چاوو چارەسەرییەكان دەخاتەڕوو، دەشڵێت: ” ماسك بە هەموو جۆرەكانییەوە هیچ سوودێكی نییە، بە پێچەوانەوە بەكارهێنانی دەبێتە هۆی زیاتر وشكبوونی پێست و هەڵكشانی چەوری و ماددە بەسوودەكانی پێست.
د. رزگار عزەت خان، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست و جوانكاری، لە دیمانەیەكی زاری كرمانجی دا، رایگەیاند ” رەشبوونی پێڵووی ژێر چاو چەند هۆكارێك لەخۆ دەگرێت، لەوانە كەمبوونی چەوری لە پێستدا بەتایبەت ژێر چاو كە خۆی كەمێك وشكە، بۆیە چەوری چەند لەنێو پێست كەمتر بێت رەشبوونی ژێر چاو زیاتر بەدیار دەكەوێت، یان كەسێك زۆر میكیاج یان كرێمێك بەكار بهێنێت دەبێتە هۆكاری هەستیاری پێست، هەندێك كەسیش هەر لە منداڵییەوە تووشی ئەكزیما دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆكارێكی دیكەی رەشبوونی ژێر چاو، وشكبوون بەهۆی زۆر سەیركردنی شاشەی مۆبایل، تەلەفزیۆن و رووناكی كە ئەم رووناكییە تیشكێكی تێدایە كاتێك بەر پێست دەكەوێت، وا دەكات رەشبوونەكە زیاتر بێت، كەم خەوتنیش هۆكارێكی دیكەیە وا دەكات زیاتر پێست وشك و كەم ئاو ببێت و دەبێتە هۆی تێكچوونی هۆرمۆنەكان و رەشبوونی ئەم شوێنە”.
د. رزگار، زیاتر گووتیشی” جگە لەوانەی كە باسمان كردن بەكارهێنانی هەندێك دەرمانی تایبەت بە چاو هۆكارن بۆ ئەم رەشبوونە وەك بەكارهێنانی قەترە بۆ چارەسەری زەختی چاو، ئەمەش وا دەكات ژێر چاو زیاتر رەش ببێت، هەروەها لە زۆربەی خێزانەكانیشدا هۆكارێكی بۆماوەییە و ماددەی میلانینیان زۆرە، بۆیە ژێر چاوەكانیان رەش دەبن”.
ئەم پزیشكە سەبارەت بە چارەسەرییەكانی، ئاشكرای كرد” تەنها چارەسەری بۆ نەمانی ئەم رەشبوونەی ژێر چاو، پڕ كردنەوەیە بە چەوری بن پێستە، ئەویش لەلایەن پزیشكی پسپۆڕی شارەزا و جوانكاری، جگە لەمە هیچ چارەسەریەك بەناوی ئامێری لەیزەر، كرێم و ماسك نییە، چونكە ماددە لە ژێر پێستدایە وەكو پەڵەی سەر پێست نییە بە ئاسانی لەناو ببردرێت، لە هەمووشی گرنگتر بەكارهێنانی ئەو ماسكە سروشتییانەن كە خەڵك بڕوایان پێدەكەن، بەڵام ماسك بە هەموو جۆرەكانییەوە هیچ سوودێكی نییە، بە پێچەوانەوە بەكارهێنانی دەبێتە هۆی زیاتر وشكبوونی پێست و هەڵكشانی چەوری و ماددە بەسوودەكانی پێست.