ن/ د. ئازاد عوسمان
پەیمانی لۆزان (٢٤/ ٧ / ١٩٢٣) سەد سالە تاپۆی نێودەولەتیی «کۆماری تورکیا»یە، لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێستای دا؛
بە ھاوکاریی ھاوپەیمانانی سەرکەوتوو لە جەنگی جیھانیی یەکەم (بەتایبەتی بەریتانیا و فەرەنسا، …)
لە ھەمان کات دا حوکمی ئیعدامی بریاریی نێودەولەتی سەربەخۆیی بەشێکی گەورەی باکووری کوردستانی ژێر دەسەلاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ھەموو باشووری ئەو بەشەی کوردستان و مافی دامەزراندنی (دەولەتی کوردستان)ە،، کە دەبوایە لە سالی ١٩٢١، بە پێی ماددەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ ی پەیمانی سیڤەر (١٠ / ٨/ ١٩٢٠) دابمەزراندرابوا. ھەروەھا حوکمی دابەشکردنی کورد و کوردستانە لە نێوان چوار دەولەتی نەتەوەیی (تورکیی، فارسیی، عەرەبیی و عەرەبیی)نوێ لە رۆژھەلاتی ناوەراست.
ھەرێمی کوردستان – لە ١٩٩٢وە وەک ئەمری واقیع (de facto) و لە ٢٠٠٥وە بەشێوەیەکی یاسایی (de Jura)دەرفەتێکە و ئاسۆیەکە واتە کەلێنێکە (بۆ گەلی کورد و خەلکی ھەرێم) لە پەیمانی لۆزان کرایەوە، بە یارمەتی و ھاوکاریی ھاوپەیمانانی رۆژئاوایی سەرکەوتوو لە جەنگی سێیەمی کەنداو (بەتایبەتی ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا) و ژیاندنەوەی مافی ڕەوای گەلی کوردە لە بەخۆدیاریکردنی ئاییندە، بەبەخۆبەڕێوەبردن لە بەشێک، بە دامەزراندنی کیانێکی نیمچەسەربەخۆ و ڕەھەندەکانیەوە, وەک نیمچەقەرەبوونەوەیەکیش بۆ غەدری پێش ھەفتا سال؛
بەلام پاراستن و گەشەسەندنی کیانی ھەرێمی کوردستان، واتە بەرھەمی ئەم وەرچەرخانە بەندە بە چەند مەرجێک، واتە بە ڕووبەڕووبوونەوەی چەند تەحەددایەکی تووشی ھاتووە و قۆزتنەوەی چەند دەرفەتێک کە تا ئێستاش خراونەتە پێشی لە لایەن ھاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتووەکان. لادان لێیان ھەلدێرە و سەرکێشیش لە ئاستیان جەرگبڕە:
(تەحەدداکانی ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بوونەتەوە)
گەلی کورد و گشت خەلکی ھەرێمی کوردستان، ئێستا لە کوردستانی باشوور (کوردستان – عیراق)، خاوەنی کیانێکی نیمچە سەربەخۆی دەستوورین.
بەلام لەم کاتە دژوار و ھەستیارەدا، لە بەرامبەر چەند تەحەددا و ئەگەرێکن (ھەرەشە و دەرفەت)، کە پێویستیان بە رێکاریی کردەیی حکومەت و ھێزە سیاسییە دەسترۆیشتووەکانە:
تەحەددا خودییەکان
- ناتەبایی سیاسیی «بەتایبەتی لەنێوان سەرکردایەتی ھەردوو حزبی دەسەلاتدار و حوکمران لە سیاسەتی ناوخۆ و پارادیپلۆماسییەتی دەرەوە»،
- شێوازی حوکمرانیی جیا «سیستەمی یەکحزبیی دەسەلات و داھات و ھێز ی چەکدار و ئاسایش و رێکخراوە جەماوەریی و سەندیکا پیشەییەکان و سیاسەتی ڕاگەیاندن» لە چوارچێوەی «دوو زۆنیی»
- نایەکگرتوویی ئیداریی ولەشکریی وھەوالگریی «لە ھەردوو زۆنیی ھەرێم، لەسەر گشت ئاستەکان»
- تەنگژەی دارایی ئالۆز: نارێکیی بودجە ومووچە و قەرزی کەڵەکەبووی حکومەت و لاوازیی سیستەمی بانکیی،
- فەسادی ئیداریی و مالیی «لە دامو دەزگاکانی حکومیی و سیاسیی و لە کەرتی بازرگانی و بینا – وەک دوو کرمی رزاندن؛
و دەستەوەستانی دەسەلاتی دادوەریی»، - نارێکی کەرتی کشتوکال – کە بڕبڕەی ئابووریی ھەرێمە / «نەپاراستنی بەرھەمیی خۆمالیی و نەبوونی سایلۆ و بەنداوی پێویست و سیستەمی ئاودێری مۆدێرن»،
- بێپلانیی کەرتی خانووبەرە «ھەرەمەکیی دروستکردنی سیتی و شوققە بێ گوێدان بە گۆرینی باری دیمۆگرافی (پێکھاتەی خەلکی) شارە گەورەکانی ھەرێم و بێ حیسابکردنی خزمەتگوزاری پێویست بەتایبەتی ئاو و ئاوەرۆ و كارەبا،
- نەبوونی رێکاری پێویستی ژینگە پارێزیی « لە دۆکەلی موەلیدە و ئۆتۆمۆبێل و نەبوونی ریساکلینگی زبل و کەمیی پانتایی سەوزایی پێویست»،
تەحەددا بابەتییەکان - پرسە ھەلپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادی عیراق «پرسی ناوچە دابرێندراو و کێشەلەسەرەکان / پرسی بودجە و مووچە / پرسی وزە / پرسی ھێزی پاسەوانی ھەرێمی کوردستان»،
- ھێرش و ھەرەشەی میلیشیا شیعییە وەلائییەکان «باسکی چەکداری رژێمی تیۆکراتی ئێران»،
- ھێرش و ھەرەشەی بەردەوامی سوپای تورکیا و ئیران،
- ھۆشداریی و فشاری بەردەوامی ھاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتووەکان «سەبارەت بە بەرھەلستی کردنی فەساد و ئەنجامدانی ھەلبژاردن و یەکخستنی ھیزی پێشمەرگە و فەراھەمکردنی ئازادیی ڕادەربرین»،
- پابەندنەبوونی سەرکردایەتی حزبە کوردییەکانی کوردستانی تورکیا و کوردستانی ئیران بە مەرجەکانی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ھەرێم و خۆیان / تەنیا خەباتی سیاسیی لە ھەرێم و پشتگوێ نەخستنی ئەرکی ھەرێم لەبارەی پاراستنی سنووری نێودەولەتیی ھەردوو دەولەتی دراوسێی ھەرێم، حسێبکردن بۆ ئەنجامی کاردانەوە مەترسیدارەکانی ئەو دوو دەولەتە زلھێزە ھەریمییانە و ھەماھەنگیان لەگەل حکومەتەکانی عیراق و سوریا دژی کیانی کوردیی «نیمچەسەربەخۆ» لەو دوو دەولەتە.