زاری كرمانجی – سۆران:
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، بابەتی سەردانەكەیان بریتی دەبێت لە گفتوگۆ لەبارەی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی، ئەمڕۆ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەبارەی بودجە و مووچە، سەردانی بەغدا بكات و ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە، بڕیارە كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق هەبێت، گفتوگۆ لەبارەی رێنوێنیی تایبەت بە خەرجكردنی بودجە بكرێت، ئەمەیش مانای جێبەجێكردنی بودجەیە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار، دووپاتی لەوەكردەوە، بە ئەگەرێكی زۆرەوە لەم دوو رۆژەدا لەسەر زۆرینەی پرسەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی دەگەینە رێككەوتن، هیچ بیانوویەك لە بەردەم ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستاندا نامێنێت، چونكە هەرێمی كوردستان سەرجەم پابەندە یاساییەكانی جێبەجێ كردووە.
لای خۆیەوە، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاوی كردووەتەوە، لە ئەنجامی پێوەندیی هەردوو سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات.