ن/ ئیسماعیل ئیبراهیم
ئەوەی ئێستا بەسەر هەرێمی كوردستان( تاكە كیانی سیاسی فەرمی نەتەوەی كورد) دا هاتووە، چاوەڕوانكراو بوو، لەبەر ئەوەی بیری شۆفێنزمی عەرەبی، فارس، توركی هەمیشە كار لەسەر لاواز كردنی پێگەی نەتەوەی كورد دەكەن، ئەگەریش بۆیان بلوێت ئەنفاڵێكی دیكە و چەندین كیمیابارنی دیكە بەسەر كورد دادەهێنن.
ئەوەی ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی دۆسیەی نەوت و بودجە و هەموو بوارەكانی دیكە لە ئاست حكومەتی عێراق دەیكات، لە ئەنجامی گوشاری زۆری سیاسی و هەڕەشەكانە، هەڕەشەكان تەنها بەوە ناوەستن كە دۆسیەی داهات و خاڵە سنوورییەكان رادەستی حكومەتی بەغدادی ئێرانی بكرێت!، بەڵكوو پەلدەكێشێت بۆ خاڵی دیكەی هەستیاری نەتەوەیی و نیشتمانی.
دڵنیام ئەگەر هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005وە هەموو ئەم داواكارییانەی ئێستای حكومەتی عێراقی جێبەجێ كردبایە ئێستا شتێك بەناوی هەرێم نەدەما.
پیلانەكان بەردەوام دەبن، قەدەری كورد وایە دەبێ هەموو دەم لە بەرگری كردندا بێت و خۆی لەگەڵ زەمەن و دۆخ بگونجێنێت و بەرگری لە مانەوەی خۆی بكات.
وێڕای بوونی تێبینی لەسەر كۆمەڵێك بابەتی ناوخۆیی، بەڵام هێشتاش درەنگ نەبووە، چونكە دەستكەوتەكانی بەدەستهاتوو لە نێو چوار وڵاتی داگیركاری خوێن رێژ كم نین، پاراستنیان ئەركی هەموو تاك و لایەنێكە.
ئەركی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو لایەنەكانەوە قوورسترە، بە تایبەتی كە رەهەندە نەتەوەیی و نیشتمانیی نەتەوەیی كورد بە درێژایی مێژووی دروستبوونییەوە بە پارتی لكێندراوە، بۆیە دەستبەردار بوونی پارتی لە هەندێك پۆست و كورسی لە پێناو رزگاری نیشتمانی كارێكی ژیرانەیە و جێگەی شانازییە، هەروەك لە رابردوو كردوویەتی.
بەڵام، ئەمەش مانای وانییە پارتی دەستبەرداری هەموو شتێك ببێت، بە تایبەتی لە ئاست ئەو كەس و لایەنانەی هاوئاواز و هاوتەریبی سیاسەتی دژە كوردن.
شكۆی نەتەوە بە پارە ناكڕدرێت، نەوت سنووری نیشتمان گوڵ رێژ ناكات، پاراستنی كەڕامەتی تاكی كوردی بەوە نابێت تەنها لە پێناو شتی روكێش هەموو شتەكان رادەستی دوژمنان بكرێت، ئەگەر پێچەوانەی ئەم شتانە راست بوایە كورد و باقی نەتەوەكانی دیكەی داگیر كراو بۆچی خەباتیان كردووە و خوێنیان بەخشیوە؟
رێگری كردن لە لاوازی زیاتر و پتەوكردنی پایەكانی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان، بە پلەیەك پەیوەستە بە ناوەخۆی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان، ئەوانن دەتوانن بە یەكڕیزی هەم كوردستان بپارێزن هەمیش بەرەو پێشی ببەن و نەهێڵن لاوازتر بێت”.
































































