شەهلا رەشید- سۆران:
هاووڵاتییان نیگەرانی لە نرخی كەپرەكان دەردەبڕن كە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنیكی دیكە یاخود لە كەپرێكەوە بۆ یەكێكی دیكە جیاوازە،
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بەپێی رێنماییەكانی دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار، پێویستە كەپرەكان تەواوی خزمەتگوزارییەكانی وەك كارەبا، ئاو، تەندروستی، شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و پاك و خاوێنی هەبێ، هەروەها لەڕووی رووبەرەوە كە چەند مەترە، ئەوا نرخەكان بەپێی ئەمانە دەگۆڕدرێن، بەڵام ئەوەی لای ئێمە یەكلای بووتەوە ئەوەیە ئەگەر كەپرێك ئەو خزمەتگوزارییانەی هەبێت بەپێی رووبەرەكەشی ئەوا نرخەكان لە 10 تا 12 هەزار دەبن، بەڵام ئەگەر رووبەرەكە گەورەتر بوو ئەوا دەتوانن هەتا 15 هەزاریش وەربگرن.
زیاتر گووتی:” ئەگەر گەشتیار ماوەی مانەوەی درێژكردەوە بۆ 24 كاتژمێر، ئەوا دەبێ 15 هەزاری دیكەش بدات، واتە مانەوە بە شەو و رۆژ 30 هەزار دەبێت و ئەم نرخەش جێگیرە.
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران،ئاشكراشی كرد:” ئێمە دووجۆر كەپرمان هەیە، مۆدێرن و ئاسایی، لەم حاڵەتەشدا كەمێك جیاوازی دەكرێت، بەداخەوە لێرە كەپری مۆدێرمان كەمە، بەڵام لەهەمان كاتیشدا هەیە زیاد وەردەگریت و هەشە كەم، جارجار تیمەكانمان دەگەڕێن تایبەت لە بوونەكان و زۆرجاریش خۆم سەردانی ئەو شوێنانەم كردووە و راوبۆچوونی گەشتیارانم وەرگرتووە خۆشبەختانە زۆربەی وڵامەكان دڵخۆشكەر بوونە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ئێمە چۆن بزانین كە كەپرەكە بە نرخی زیاتر دراوەتە گەشتیارەكە، بۆیە لەم حاڵەتەدا ئەگەر گەشتیار بێتە لامان و گلەی بكات كە پارەی زیادە لێ وەرگیراوە ئەو كات ئیجرائات و پێبژاردنیان لەگەڵ دەكەین و ئەو پارە زیادەی كە لە گەشتیارەكە وەرگیراوە لێیان وەردەگرینەوە، ئەم حاڵەتەش هەبووە و روویداوە خودی گەشتیار سەردانی كردووین و بە ئێمەی راگەیاندووە كە پارەی زیادەی لێوەرگیراوە، ئێمە سەرەتا پارە زیادەكەمان گەڕاندۆتەوە و دواتر هۆشداریمان داوە ئەو شوێنە ئەگەر دووبارە بكرێتەوە پێبژاردن دەكرێت و شوێنەكەش دادەخرێت.