” ساڵی 2013 داوای نۆژەنكردنەوەمان كردووە “
محەممەد مەحموود-سۆران :
بەمەستی نۆژەنکردنەوەی ئیچ قەڵا، کە یەکێکە لە گرنگترین شوێنەوارە دێرینەکانی میرنشینی سۆران، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران، لە ساڵی ٢٠١٣ داواکاری پێشکەش بە حکومەت کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنەوارە، بەڵام تاکو ئێستا کارەکانی دەستپێ نەکردووە بەهۆی نەبوونی پارە”.
عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوارو کەلەپووری سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” بۆ نۆژەنکردنەوەی ئیچ قەڵا، کە لە شوێنەوارە هەرە گرنگەکانی پاشای گەورەیە، لەساڵی ٢٠١٣ دەرخستەیەکمان وەک داواکاری بە بڕی ٢٠٠ ملیۆن دینار پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، رەزامەندیشی لەسەر درا ،بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و ئەو کێشە دارایانەی هاتنەپێشەوە نەتواندرا ئەو کارە بکرێ”.
بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران گوتیشی” ئێمە مەبەستمانە ئیچ قەڵا، لەسەر شێوەی خۆی نۆژەن بکەینەوە و مۆزەخانەیەکیش لەوێ دابمەزرێنین لەگەڵ دروستکردنی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران، شوێنەکە زۆر گونجاو و لەبارە لە نێوان رواندزو سۆرانە، ساڵی داهاتوو کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ئیچ قەڵا دەستپێدەکات”.
عەبدولوەهاب سلێمان باسی لەوەشکرد” دوای ئەوەی بەهۆی دووسایدی رواندز سۆران تەلەبەندی ئیچ قەڵا تێکچو بوو، لە هەفتەی داهاتوو دەستدەکرێتەوە بە تەلەبەند کردنەوەی و رەزامەندی وەرگیراوە بۆ ئەو کارە بە بڕی ١٥ ملیۆن دینار”.
لەکۆتایی قسەکانیدا بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران ئاماژەی بۆ ئەوەکرد” گەر بێت و ئیچ قەڵا نۆژەن نەکرێتەوە مەترسی ئەوەی لەسەر تێک بچێت و وەک خۆی نەمێنێت ، بەهۆی ئەوەی چەندین ساڵە هەیە، دەشتواندرێت لە رووی گەشتیاری و نیشاندانی فەرهەنگی شارستانی کورد، بە گەشتیارانی بیانی بناسێدندرێت.