زاری کرمانجی – سۆران :
ئەمساڵ زیاتر لە 100 جار ئاگر لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەربووە و هەزار و 220 هێکتار دارستان و لەوەڕگەی سووتاندووە .
بەشێک لە چالاکوانانی ژینگە و هاونیشتمانییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سوتانی دارستانەکان دەخەنە ئەستۆی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پێیان وایە بە دەستی ئەنقەست ژینگە و دارستانەکانی کوردستان دەسووتێنرێن و قڕ دەکرێن .
هاوکات لە دوێنێ یەوە بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیی بڕینەوەی دار بەڕووەکانی ناوچە شاخاوییەکانی سەردەشت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پڕ کردووە و چالاکوانان و دۆستانی ژینگە هاواریان لێ هەستاوە و داواکارن لە بەرپرسانی ئێران بە زوویی بکەران ئاشکرا بکرێن و دەستگیریان بکات.
بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لەلایەن هاونیشتمانییان لە ناوچەکە تۆمارکراون، هێما بۆ ئەوە دەکەن تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا زیاتر لە 100 دار بەڕووی بە تەمەن لەلایەن کەسانی نەناسراو بڕاون، لە گرتە ڤیدیۆیەک هاووڵاتییەک دەڵێ: “دارەکان هەناسەن، هەناسەکان مەبڕن،” ئەم هاووڵاتییە ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە 100 دار بەڕوو تەنیا لەو ناوچەیە بڕاوە بە بێ ئەوەی هیچ زیانێکیان هەبێت وە یان وشک بووبن .