شەهلا ڕەشید- زاری كرمانجی :
پسپۆڕان و پزیشكان دەڵێن وەرگرتنی ڤاكسین دژی كۆرۆنا، باشترین ڕێگە چارەیە كە دوور بیت لەم ڤایرۆسە، بەشێك لە هاووڵاتیانیش رێنماییەكانی پزیشكی جێ بەجێ دەكەن بە وەرگرتنی ڤاكیسنەكە و بەشێكیشی باوەڕییان بە وەرگرتنی ڤاكسین نییە.
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ ئەوەی دانیشتووانی گوندە دوورەكان بێ بەش نەبن لە وەرگرتنی ڤاكسین تیمی تایبەتی گەڕۆك پێكهێنراوە و گوند بە گوند دەگەڕێن .
بۆ ئەم مەبەستە مینا تەها، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند” وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، بڕیاریاندا بۆ ئەوەی هەر بەڕێوەبەرایەتییەك لە سنووری خۆی تیمێكی تەندروستی گەڕۆك دابنێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە گوندەكان دەژین و دوور دەستن،”
ئەوەش دەڵێ:” لە ئێستادا تیمی تەندروستی گەڕۆك هەیە لە سنووری ئیدارەی سۆران، لە هەر مانگێك هەشت ڕۆژ دەرچوونیان هەیە بۆ دەوروبەری ئیدارەی سۆران، جگە لەوەی ڤاكسین دەدەنە هاووڵاتییان، هۆشداری تەندروستیش دەگوازنەوە بۆیان، بۆ ئەوەی زیاتر ئاگاداری ڕێنمایییەكانی تەندروستی خۆیان بن”.
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران ئەوەشی خستە ڕوو” ڤاكسین بە زۆر نادرێتە هیچ كەسێك، ئەوان سەرەتا ڕێنمایییەكان پێشكەش بە خەڵك دەكەن، دواتر ئەگەر خۆیان داوایانكرد ئەوا ڤاكسین وەردەگرن، بەڵام تا ئێستا پێشوازییەكی باشی لێكراوە و خەڵك تا ڕادەیەك گەیشتووتە ئەو باوەڕەی كە وەرگرتنی ڤاكسین سوودی هەیە، بۆیە لەوانەیە ئەم تیمە تا شەش مانگی دیكەش بەردەوام بێت،.