مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو خنکان لە ڕووبار و دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە .
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی تەممووزی 2023 ڕاگەیاند کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان، 56 کەس لە ڕووبار و دەریاچە و چەمەکاندا خنکاون.
میرانی هێما بۆ ئەوەش دەکات ڕێژەی خنکان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر بووە، بەو پێی لە 12 مانگی ساڵی ڕابردوو 77 کەس خنکابوون، بەڵام لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵ 56 کەس خنکاون.
هاوکات لە ئیدارەی سۆران، ساڵانە لە وەرزی هاوین و گەشتیاری دا، ژمارەیەک هاووڵاتی لە ڕووبارەکانی ناوچەکەدا لە ئەنجامی مەلەوانی کردن دەخنکێن، لەم بارەیەوە ڕائید ڕەوەند مەغدید گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند :” لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵ 4 حاڵەتی خنکان تۆمارکراوە لە ناوچەکە و تەواوی قوربانییەکان گەشتیاربوونە.”