ئهمڕۆ سێشهممه 25/7/2023، وتهبێژی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، لهبارهی مووچهوه راگهیاندراویكی بڵاو كردهوه، كه ئهمهی خوارهوه دهقهكهیهتی:
بە ناوی خودای گەورە
پرسی مووچەی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان گرنگترین بابەت و ئەولەوییەت بووە، لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەتا ئەو ڕۆژەی پشتمان بە داهاتی ناوخۆ و نەوت دەبەست بۆ دابینکردنی مووچە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەم نەبووە و هەموو مانگێک مووچەی تەواوەتی هاونیشتمانیانی دابین کردووە.
ئێستا کە داهاتی نەوت بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی عێراقی لەدەست هەرێمی کوردستان نەماوە، حکوومەتی عێراق بە بەرپرس دەزانین، لە دابینکردنی مووچەو شایستە داراییەکانی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بودجە، لەم پرسەدا ئێمە هەموو ئەرکێکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ کردووە و پابەندییەکی تەواوی یاساییمان بە جێ گەیاندووە و تا ئەمڕۆش بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووە بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق هەرچی زووە مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و لەمە زیاتر ئەم پرسە دوا نەکەوێت.
پەیامی ئێمە بۆ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و خەڵکانێک هەیە کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵە بە هیچ جۆرێک گوێیان بە پێگەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان نەداوە و وەک هاونیشتمانییەکی خەمخۆری خەڵکی کوردستان ڕەفتاریان نەکردووە، لەمە زیاتر لە پێگەی هەرێمی کوردستان نەدەن و بۆ جارێکیشبێت بەرپرسیارانە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانیان بجووڵێنەوە و مامەڵە بکەن، ئەم پرسە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە و بابەتی موزایەدە و بانگەشەی هەڵبژاردن نییە و پێویستە نەکرێتە ئامرازێک بۆ لێدان لە پێگەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستان.
پێشەوا هەورامانی
وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان