بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی دووەمین پێشانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن کرایەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 25/7/2023 بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی دووەمین پێشانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن لە هەولێر کرایەوە کە بڕیارە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت.
لە ڕێوەڕەسمی کردنەوەی دووەمین پێشانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن لە هەولێر، وەزیری پەروەردە و وەزیری ناوخۆ و چەندین وزیر و بەرپرسی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی دیپلۆماسی و کونسوڵیی وڵاتان بەشدارییان کرد.
لە پێشانگەکەدا 120 ناوەندی پەروەردە و فێرکردن و زانکۆکانی 11 وڵات بەشدارن و ئامانج لە کردنەوەی پێشانگاکە پێشخستنی کەرتی پەروەردە و فێرکردنە کە هەر لە دەستپێکەوە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بەو بوارە داوە.
ئامانجی پێشانگاکە ڕەخساندنی دەرفەتی پەروەردە و فێرکردنە لە نێوان ناوەندەکاندا و هەر بەو مەبەستەش کۆڕبەندێک لە پێشانگاکەدا بەڕێوە دەچێت.