شەهلا ڕەشید- زاری كرمانجی :
د. بۆتان خەفاف، پزیشکی پسپۆڕی جوانکاری ددان، دەڵێت” دەمار بڕین لە کوردیدا کورتکراوەی پاککردنەوەی کرۆکی هەو کردووی ددان و هەتا کۆتایی ڕەگی ددانە، بە ئامێر و ماددەی کیمیایی گونجاو، پاشان پڕکردنەوەی ناوەخنی ددانەکە بە شێوە و ئامێر و ماددەی گونجاو، هەروەها لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەسەی دەمار بڕینی پێویستە یەکێک یان زیاتر لەم نیشانانەی خوارەوەی تێدا بەدی دەکرێت.
- ئازاری بە ساردی و گەرمی دەبێت و لە زۆر حاڵەتدا چەند خولەکێک دەمێنێتەوە، جاری وا هەیە بە گەرمی ئازارەکەی زیاد دەکات و بە ساردی کەم دەکاتەوە.
- هەندێک کات شەو لەبەر ئازاری ئەو ددانە بە خەبەر دەبێتەوە.
- هەندێک جار کە ددان بە یەکدا دەنێت ئازاری بۆ دروست دەکات.
- جاری وا هەیە پووکی چواردەوری ددانەکە دەئاوسێت و لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵئاوسانی ئەو لایەی دەموچاوی.
- ئەو ددانەی کە خواردنی تێ دەچێت ئازاری دەدات.
- هەندێک جاریش ئازاری نییە، تەنیا ڕەنگی ددانەکە دەگۆڕێت.
- لەوانەشە هەر ئازاری نەبێت بەڵام پووکی کیسە دروست دەکات لە ستوونی ددانەکە.
-بەڵام زۆر جاریش ئەم نیشانانەی نەخۆش هەستی پێ دەکات مانای ئەوە نییە ددانەکەت دەمار بڕینی پێویستە، چونکە حاڵەتی تر هەیە کە هەمان نیشانە دروست دەکەن، بۆیە وا باشترە لای پزیشکی پسپۆڕ بە زووترین کات پشکنین و تیشکی بۆ بکرێت بۆ دیاری کردنی چارەسەر.
-لە کاتی هەستکردن بەم نیشانانە و وەرگرتنی دەرمانی هەوکردن و ئازار بەبێ ڕاوێژی پزیشک هەڵەیە و بۆ ماوەیەک ئازارەکە ناهێڵێت، بەڵام هەوکردنی بەردەوام دەبێت و ڕێژەی سەرکەوتنی چارەسەر کەم دەکاتەوە بەپێی تێپەڕبوونی کاتی زیاتر.