دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، میدیا سێبەرەكانی یەكێتی بڵاویان كردەوە گوایە لە كۆبوونەوەكە باسی مووچە كراوە و بەڵێن بە بافڵ دراوە كە مووچە بنێرێت، بەڵام ڕۆژنامەی سەباحی عێراق ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بڵاو كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك باسی مووچە نەكراوە.
ئەمڕۆ دووشەم 24ـی تەمووز، ڕۆژنامەی سەباحی عێراق ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بافڵ و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاو كردەوە و تێدا هاتووە، لە دیدارەكەدا بارودۆخی گشتیی وڵات تاوتوێ كرا.
باس لەوەش كراوە، لە بەشێكی كۆبوونەوەكە دووپات لەسەر پاڵپشتیی هەموو هێزە سیاسییەكان كرا بۆ هەنگاوەكانی حكوومەت لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی بەرنامەی هاوبەشی سەرجەم لایەنەكان بۆ هەموو عێراقییەكان، هەروەها جێبەجێكردنی دەستوور بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر ئاستی نیشتمانی و پەسندكردنی دیالۆگ لە چارەسەركردنی ناكۆكییە سیاسییەكان.
بەشێكی تری كۆبوونەوەكە باس لە گرنگیی سازان بۆ تەواوی رووداوە سیاسییەكان كرابوو، لەوانەش هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەك كە ئەزموونی دیموكراسی و سەقامگیریی سیاسی لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات بپارێزێت.
بەپێی زانیارییە بڵاو كراوەكان بڕیارە سبەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجام بدرێت و تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە بریتی دەبێت لە ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە، واتە كۆبوونەوەی بافڵ و سودانی هیچ پەیوەندی بە ناردنی مووچەوە نییە، ئەوەی راگەیاندنەكانی سێبەری یەكێتیش بڵاوی دەكەنەوە، تەنها خۆڵ كردنە چاوی هاووڵاتییانە و دەیانەوێت وای نیشان بدەن كە ناردنی مووچە لە چەند رۆژی داهاتوو پەیوەندی بە چوونی بافڵ هەیە، كە راست نییە.
بە پێی هەواڵە بڵاو كراوەكان دوێنێ لە كۆبوونەوەی هەر چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق، دووپات لەوە كرایەوە كە پێویستە لەم هەفتەیە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت، چونكە رێككەوتن كراوە و لە بودجە جێگیر كراوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق رێككەوتنیان كردووە، پێشتریش سوودانی رای گەیاندبوو كە مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن نەك حزب و كەسێك.