هاووڵاتییانی ناوچەکە : پاسدارانی ئێران دارستانەکانی کوردستان دەسووتێنێت
زاری کرمانجی – سۆران :
ماوەی چەند ڕۆژێکە ئاگر پێنج شوێنی دارستانەکانی مەریوان ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسووتێنێت، ژینگەدۆستان و هاووڵاتییانی ناوچەکە، هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام گڕی ئاگرەکە ئەوەندە بەهێز و خێرایە، لە کۆنترۆڵی ئەوان دەرچووە و داوای هاوکاری و بەهاناوەچوونی هاونیشتمانییان دەکەن.
بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکە، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت پاسداران بە سووتاندنی دارستانەکانی مەریوان تۆمەتبار دەکەن .
ئەو شوێنانەی ئاگری گرتووە، پێشتر ناوچەی شەڕ بووە و مین و تەقەمەنیی زۆری لێ یە، بۆیە ئاستەنگی دروست کردووە و بووەتە مەترسی لەسەر ژیانی ژینگەدۆستان و هاووڵاتییانی ناوچەکە، بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حەوت ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان، لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەر مین کەوتوون و بریندار بوونە .
ئەمە جاری یەکەم نییە، ئاگر دارستانەکانی زاگرۆس و مەریوان دەسووتێنێت، ساڵی 2021 لە هەمان مانگ، ئاگر ٤٢٣ هێکتار لە دارستانەکانی مەریوانی لە ناو برد.