مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
توێژینەوەیەکی پەیمانگای بەرشەلۆنە، ئاشکرای دەکات خواردنی ژەمی بەیانیان دوای کاتژمێر 9 هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم.
پەیمانگای بەرشەلۆنەی تایبەت بە تەندروستی جیهانی، لە نوێترین توێژینەوەی لەسەر سوودەکانی خواردنی ژەمی بەیانیان هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات، بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشی شەکرە نەبن، بەر لە کاتژمێر هەشت ژەمی بەیانی بخۆن، لە توێژینەوەکە هاتووە :”خواردنی ژەمی بەیانیان پاش کاتژمێر 9 ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم بەڕێژەی %59 زیاد دەکات، بەراورد بەو کەسانەی کاتژمێر 8 ی بەیانی ژەمی بەیانیان دەخۆن.”
لەم توێژینەوەیەدا کە نزیکەی 100 هەزار کەس بەشداریان تێدا کردووە، 963 کەسیان تووشی شەکرەی جۆری دووەم بوونە، کە لەو کەسانە بوونە پاش کاتژمێر 9 ژەمی بەیانیانیان خواردووە. هەر لە توێژینەوەکەدا هێما بۆ ژەمی ئێوارانیش کراوە کە ناکرێت دوای کاتژمێر 10 ی شەو ژەمی ئێوارە بخورێت .