لەلایەن حکومەتی هەرێم ئامادەکاری پێویست کراوە بۆ پێشوازیکردنیان
زاری کرمانجی – سۆران :
لە کۆبوونەوەی دوێنێ شاندی پارێزگای هەولێرو کۆماری ئسیلامی ئێران لەسەر چەند تەوەرێک گفتوگۆکرا، یەک لەو تەوەرانە هاتنی زیارەتکارانی ئێرانە بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق، ئەمساڵ پێشبینی هاتنی 500 هەزار زیارەتکار دەکرێت، لەرێگەی دروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران”.
لەم بارەیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند” لە کۆبوونەوەی دوێنێمان لە گەڵ شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر پلان و ئامادەکاری و داڕشتنی میکانیزمی هاتنی زیارەتکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق و مانەوەیان لە هەولێری پایتەخت، بۆئەمەش جەختمان لەوەکردەوە بەسوود وەرگرتن لەساڵی ڕابردوو کە یەکەمینجار بوو (70هەزار) زیارەتکاری ئێران لە ڕێگەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بکەن، لەسەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان”.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی” هەموو ئامادەکارییەکی پێویست کراوە، دڵنیاتان دەکەینەوە کە ئەمساڵ پێشبینی هاتنی 500 هەزار زیارەتکار دەکرێت، تەواوی فەرمانگە خزمەتگوزاریی و فریاگوزارییەکان لەئامادەباشی تەواودان بۆ خزمەتکردنیان هەر لە خاڵی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە تاکو بازگەی شێراوە، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری ورمێ بەناوی حکومەتی وڵاتەکەی و وەزیری ناوخۆ و خۆیەوە، سوپاسی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێری کرد بۆ هەموو ئەو خزمەت و هاریکاری و ئاسانکارییەی لەساڵی ڕابردوو و لەمساڵیشدا پێشکەشی زیارەتکارانیان کردووە و دەیکەن، لە مانەوەیان لە هەولێری پایتەختی هەرێم و چوونیان بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق.