خۆپیشاندان و ناڕهزایەتییەکان له شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دژی گیان له‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی به‌رده‌وامی هەیە و به‌پێی ئامارە سەرەتاییەکانیش تا ئێستا (١٠) كه‌س كوژراون و (٤٥٠) كه‌سیش برینداربوون.
رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو له راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه” له‌وه‌ته‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دژی گیان له‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی ده‌ستیپێكردوه، لانیکەم سێ هاوڵاتی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چه‌كداره‌كانی ئێران كوژراون و زیاتر لە (١٦١) هاوڵاتیش هەر بە دەستڕێژی ئەو هێزانە برینداربوون و دەیان کەسیش دەستگیرکراون”.
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، دوای گیان لەدەستدانی فواد قەدیمی یەکێک لە بریندارەکانی ناڕەزایەتییەکانی دیواندەرە و هەروەها کوژرانی ژنێک بە ناوی مین‌و مەجیدی لە خۆپیشاندانەکانی کرماشان له چوار رۆژی رابردودا، ژمارەی کوژراوان بۆ حه‌وت کەس بەرزبوەتەوە کە ناوەکانیان بریتین لە (فواد قەدیمی، موحسین محەممەدی خەڵکی دیواندەرە، زەکەریا خەیاڵ ١٦ ساڵە و خەڵکی پیرانشار، فەرجاد دەروێشی خەڵکی ئورمیە، ڕەزا لوتفی خەڵکی دێولان، مین‌و مەجیدی خەڵکی قەسری شیرین و فەرەیدون مەحمودی خەڵکی سەقز).
بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوەکە، لانیکەم لە هه‌ریه‌كه له شاره‌كانی ئاودانان، ئیلام، کرماشان، سنە، مەریوان، ئورمیە، بانە، نەغەدە، قوروە، ڕەبەت، سەردەشت، پیرانشار، ماکۆ و بازرگان خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی دژی كوژرانی ژینا ئەمینی ته‌مه‌ن (٢٢) ساڵ ده‌ستیپێكردوه.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ده‌شڵێت” تەنها لە چوار ڕۆژی ڕابردودا بە گشتی حه‌وت هاوڵاتی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و (٤٥٠) کەسیش برینداربون، کە زۆربەی ئەو کەسانە لە ترسی دەستبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەردانی بنکە تەندروستییەکانیان نەکردوە”.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، لە چوار ڕۆژی ڕابردودا زیاتر لە (٥٠٠) هاوڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.