مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
دوای کۆبوونەوەی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا دووپات لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی عێراق و پێدانی شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.
شەوی ڕابردوو 23ی تەمووزی 2023، لە کۆبوونەوەیەکدا چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق( پەرلەمان و کۆمار و حکومەت و دادوەری ) قسەیان لە سەر دوا پێشهاتەکانی عێراق و جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی عێراق و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، لەمبارەیەوە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکە کە تایبەت بە هەرێمی کوردستانە، هاتووە : “تایبەت بە هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەکە دووپات لەسەر جێبەجێکردنی مادەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی کردووەتەوە و بە تەواوی وردەکارییەکانی پەیوەندیدار بە داهاتی نەوتی و نا نەوتی، لەگەڵ پێدانی شایستە دارایییەکان”.
لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی عێراق، هەر یەک لە لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق و محەممەد حەلبووسی سەرۆک پەرلەمانی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری بەشدار بوون، داوایان کردووە کەوا یاسای نەوت و گاز و لێبوردنی گشتی و ئەنجوومەنی فیدراڵی دابنرێن.