مههدى محهممهد – رواندز:
دوێنێ یەکشەممە، ڕێکەوتی 23 ی تەممووزی 2023، یەکەم حاڵەتی خانەنشینکراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی لە قەزای ڕواندز، بە ژینگە پارێزێکی کۆچکردووی کۆمپانیای پاپا گرووپ بەخشرا.
لە دیوانی قایمقامیەت، بە ئامادەبوونی ئەحمەد قادر قایمقامی قەزای ڕواندز و هەژار یونس بەڕێوەبەری دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران / سۆران، یەکەم حاڵەتی خانەنشینکراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی لە قەزای ڕواندز، بەخشرا بە کەسوکاری هاووڵاتیی کۆچکردوو، “بڵند محەممەد حوسێن”، ناوبراو یەکێک بوو لە ژینگە پارێزانی کۆمپانیایی پاپا گرووپ، ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ کاری لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراو دەکرد و دواتر بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
لە ڕاگەیاندراوێکی قایمقامیەتی قەزای ڕواندز هاتووە :”دوای کۆچکردنی ناوبراو، لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کرێکارانی سۆران، ناوی تۆمار کرابوو، بڕیاری خانەنشینی بۆ دەرچوو،”
هەمان ڕۆژ مووچەی(دوو) مانگی لەسەر یەک بە کەسوکارەکەی درا، کە بڕی پارەکەی (٤٤٠٠٠٠) چوارسەد و چل هەزار دینار بوو، واتە بۆ هەر مانگێک (٢٢٠٠٠٠) دووسەد و بیست هەزار دینارە.
قایمقامیەتی قەزای ڕواندز داواکارە لەو هاووڵاتییانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، کە بە بێ دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کار نەکەن، بۆ ئەوەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی لە دوا ڕۆژدا بتوانیت خانەنشینیان بکات و مووچەی خانەنشینيان پێ بدات، بە تایبەت لە کاتی ڕووداوێکی نەخوازراو یان بە تەمەن داچوون و مردندا .