بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: پڕۆژەی دووسایدی سپیلک پڕۆژەیەکی گرنگی ستراتیژییە و چەندین ناوچەی گرنگ بە هەولێر دەبەستێتەوە، تێچووی پڕۆژەکە 80 ملیار دینارە و ساڵی داهاتوو 100% تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت خەڵکی هەرێمی کوردستان ، چونکە ئەو پڕۆژەیە ئێران و هەرێمی کوردستانیش پێکەوە دەبەستێتەوە.
ئاگرین عەبدوڵا، گوتی: پڕۆژەی ڕێگای سپیلک لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و بەڕێوبەرایەتی ڕێگاوبانی هەولێر سەرپەرشتی کارەکان دەکات، پڕۆژەکە دووساییدە و درێژیەکەی 10کم دەبێت، لە سپیلک دێتە ناو خەلیفان و بەشێوەیەکی ستانداردی جیهانی و بەگوژمەی 80 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.
ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی: ئەو پڕۆژەیە لە مانگی پێنجی ساڵی داهاتوو 100% تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان، بەڵام تا کۆتایی ئەمساڵ زۆرینەی تەواوبێت و بەڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە، ئەو پڕۆژەیە سوودێکی زۆری هەیە و بەشێکە لە شادەماری ڕێگاکانی کوردستان لە ناوچەکە و تەواوی دەڤەری سۆران، باڵەکایەتی، سیدەکان و مێرگەسۆر دەبەستێتەوە بەپارێزگای هەولێر، بەشێکیشە لە ڕێگای هەولێر بۆ حاجی ئۆمەران کە دەچێت بۆ وڵاتی ئێران.
لەڕووی بازرگانیش سوودی زۆری هەیە و بەشێکە لە شادەماری بەستنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە سوودی بازرگانی باشی هەیە و پڕۆژەیەکی ستراتیژی گرنگە .