مستەفا دۆلەمەری – مێرگەسۆر:
ئەحمەد محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی، راگەیاند:” تەواوی ئامادەكاریەكان بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر كراون و بۆ هەریەك لە قوتابخانەی ئامادەیی و بنەرەتی، لێژنەمان پێكهێناوە، لێژنەی ئامادەیی بۆ داخستن و كردنەوە و لێكدانی قوتابخانەكان و لێژنەی بنەرەتی پێكهێنراوە بۆ ئەوەی ئەگەر هەر قوتابخانەیەك ژمارەی قوتابییانی كەم بوو پێویست بكرێت دابخرێ، دادەخرێت و هەر قوتابخانەیەكیش پێویستی بە كردنەوەی پۆلی حەوت و هەشت و نۆ بێت ئەوا دەكەینەوە، بەڵام ئەوەش پێویستی بە میلاكاتە، ئەگەر مامۆستای پسپۆر هەبێت ئەوا ئەو سێ پۆلە دەكرێنەوە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، دەشڵێ: هەر قوتابخانەیەك ئەگەر قوتابی لێنەما و ژمارەیەكی كەمی قوتابی لەو ناوچەیە هەبوو ئەوا ئۆتۆمبێلی هاتووچۆی بۆ دابین دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەرخستەمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ وەڵامێك نەبووە بۆ نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی قوتابخانەكان كە لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر 22 قوتابخانەی سەر خۆڵ و كابینە هەن، كە تەواوی ئەو قوتابخانانە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە و بینای نوێ هەیە.