د. ئازا – ئەڵمانیا:
لاوی کورد لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت هەمیشە بیری لەوە کردۆتەوە کە شوێن پەنجەی دیاربێت و تواناکانی قەتیس نەکات، بەڵکو ویستوویەتی خۆی بسەلمێنێت و بەهرەکانی نیشان بدات بەتایبەت لە بواری وەرزشی کەم نین ئەوانەی کە دەست کەوتی باڵا و ئەنجامی بەرزیان بەدەست هێناوە و وەک ئەستێرەیەکی گەش لە ئاسمانی کوردستان دەدرەوشێنەوە.
شهزاد وشیار، یەکێکە لەو پاڵەوانانەی هەر لە تەمەنی لاویەتیەوە ئارەزووی زۆری دەبێت بۆ وەرزش بە تایبەت بۆ یارییە جەنگیەکان، لە ساڵی ١٩٩١ بە هەژاری و دەردەسەری کوردستان جێ دەهێڵێت و ڕوو لە وڵاتی ئەڵمانیا دەكان و تا ماوەیەکی زۆر سەرقاڵ دەبێت بە فێربوونی زمان و کارکردن و بنیادنانی ژیانێکی نوێ لەم وڵاتە و لەگەڵ ئەوەشدا بێ هیوا نابێت لە بەدیهێنانی خەونەکانی بۆیە نزیکەی ١٠ ساڵە دەستی کردووە بە مەشق و ڕاهێنانی چڕ لە یارییە جەنگییەکان بە تایبەت یاری کیک بۆکسینگ و مشتەکۆڵە و لەسەر ئاستی وڵاتی ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوڕوپی توانیویەتی چەندین دەستکەوتی پڕ بەها بە دەست بهێنێت.
شهرزاد وشیار، لە دیمانەیەکی لەگەڵ زاری کرمانجی گوتی: ڕاستە من ئیستا لە تەمەنی ٥٠ ساڵی دام، بەڵام تەمەن ڕێگر نابێت لە گەیشتنم بە ئامانجەکانم چونکە لە ئێستادا خۆم ئامادە دەکەم بۆ بەشداری کردن لە پاڵەوانێتی یاری مشتەکۆڵە لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەڵمانیا و هۆڵەندا، لە ئێستادا لە هەفتەی ٥ ڕۆژ ڕاهێنان دەکات و جگە لە ڕاهێنانەکانی ناو هۆڵ لە مەلەوانگە و دارستان چەندین شوێنی تر مەشق دەکات و لە لایەن کەسانی شارەزاوە سەرپەرشتی شێوازی خۆراکی ڕۆژانەی یاریزان دەکرێت.
شهرزاد، دەڵێت: ئەم وەرزشە تێچووی زۆرە، بەڵام کۆڵم نەداوە بەردەوامم بۆیە لە یانەیەک کاردەکەم بە ناوی (Fight Club) لە وڵاتی ئەڵمانیا لە شاری ئاخن، لەم یانە وەرزشیە زیاتر لە ١٥٠ یاریزان لە هەردوو ڕەگەز لە تەمەنەکانی ١٤ تاوەکو ٦٥ ساڵی هەفتانە چەندین ڕۆژ لە ژێر سەرپەرشتی چەندین ڕاهێنەری بە ئەزموون ڕاهێنانەکانیان ئەنجام دەدەن.