زاری كرمانجی-سۆران
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكانی ئیدارەی سۆران، دەڵێت ” بە پێشبینی ئێمە نزیكەی 1000 خێزانی ئاوارەی باشووری كوردستان لە وڵاتی ئێران ماون، ئەگەر هاوكارییەكانی رێكخراوی UN تایبەت بە گەڕانەوە كۆچ و كۆچبەران هەبێت زۆربەیان دەگەڕێنەوە.
عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكانی ئیدارەی سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند ” لەسەردەمی رژێمی بەعس بەهۆی زوڵم و زۆرداری دەیان هەزار خێزانی باشووری كوردستان ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون، دوای راپەڕینی ئاداری 1991 و ئازادكردنەوەی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، ئەو ئاوارەو پەنابەرانە دەستیان بە گەڕانەوە كرد، بەڵام دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و ڤایرۆسی كۆرۆنا، سستییەك دروست بوو لە گەڕانەوەی ئاوارەكان، چونكە نەتوانرا وەك پێشووتر ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەیان بكرێت، جگە لەمەش هاوكارییەكانی رێكخراوی UN تایبەت بە گەڕانەوە كۆچ و كۆچبەران راگیراوە، ئەمەش هۆكارێكی دیكەبوو كە ئاستەنگ لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەو پەنابەرانمان دروست بێت”.
ئاشكراشی كرد، هەرچەندە ئامارێكی پشتڕاستكراومان نییە لەسەر ئەو ئاوارانەی لە وڵاتی ئێران ماون و نەگەڕاونەتەوە، بەڵام بە پێشبینی ئێمە نزیكەی 1000 خێزانی ئاوارەی باشووری كوردستان لەم وڵاتەن ماون، زۆربەشیان بەهۆی ژن و ژنخوازی و پەیوەندی كۆمەڵایەتی و خزمەتیان دروست كردەوە، ئەمەش هۆكارێكی دیكەیە كە ئەو پەنابەرو ئاوارانە بگەڕێنەوە، مەگەر تەنها پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكرێت و هاوكاریان بكرێت.