هاوتا ماجد محهمهد
پەروەردە بابەتێکی زۆر گرنگی هەر کۆمەڵگایەکە، ئەگەر کۆمەڵگایەک بیەوێت پێشبکەوێت ئەوا دەبێت لە سەرەتادا گرینگی بە سێکتەری پەروەردە بدات.
ئێمە بەدەست دەیان کێشەی جۆراوجۆر دەناڵێنین، ئەم کێشانە وادەکەن کە کۆمەڵگاکەمان نەتوانێت بازبدات و گۆڕانکاری گەورە درووست ببێت، یەکێک لەو کێشانە بریتیە لە سیستمی پەروەردەمان، مەبەستیش لە پەروەردەی بانکی ئەو جۆرە پەروەردەیە کە (پاولۆ فرێری) نووسەر و پەروەردەکاری بەڕازیلی لە کتێبەکەی خۆیدا بەناوی (پێداگۆگی ستەملێکراوان) باسیدەکات و بەگژ ئەمجۆرە لە پەروەردە دا دەچێتەوە کە دەبێتە ھۆی ڕووخان و لەناو چوونی تاکەکانی کۆمەڵگا، وەکوو پەروەردەی بانکی، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا پەروەردەی بانکی چییە؟پەروەردەی بانکی بریتییە لە جۆرە پەروەردەیەک کە لە کوردستان لە قوتابخانەکاندا دەخوێنرێت، لەوێدا قوتابی بە سەنتەر نابینرێت و پەراوێز دەخرێت، بە مانایەکی دیکە ئەم جۆرە پەروەردەیە بریتییە لە پەیوەندیەکی نایەکسان لە نێوان مامۆستا و قوتابی، مامۆستا ڕۆڵی باوک و فەیلەسووف و زانای پێ دەدرێت، بەو مانایەی تەنیا مامۆستا بیرکەرەوە و زانایە، ئەوەشی پەراوێز دەخرێت قوتابیە، مامۆستا لەم سیستمە پەروەردەییەدا لەبری ھەمووان بیردەکاتەوە-بڕیار دەدات-قسە دەکات.
ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر قوتابی و کۆی سیستمی پەروەردە و تەواوی کۆمەڵگاش بەجێدێڵێ و دواتر بێدەنگی دەبێتە کلتوور لەناو ناوەندەکانی خوێندن و دواتریش دەگوازرێتەوە بۆ ناواخنی کۆمەڵگا، قوتابیەک گەر نەتوانێت بۆچوونی دەرببڕێ و قسەبکات و بیربکاتەوە و ڕەخنە بگرێت، ئەوا لە داهاتوودا تاکێکمان بۆ دروست دەبێت کە ناتوانێت ڕەخنە بگرێت و داهێنان بکات، تاکێکی ڕۆبۆتی و چەقبەستوومان بۆ بەرهەم دەهێنێت.
پەروەردەی بانکی پەروەردەیەکە لەسەر بنەمای دواکەوتووی و نەزانی ئیش دەکات و پایەکانی دادەکوتێ، تاکەکان لەناو ئەم سیستمە ڕۆڵێکیان نییە، بۆیە دەبینین بەردەوام ئەم تاکانە بەرھەم دێن کە دواتر ھەمان سیستم- ھەمان پەروەردە-هەمان ڕێگا-دەگرنە بەر و ئەمەش درێژە دەکێشێت و لەم نەوە بۆ ئەو نەوە دەگوازرێتەوە.
ئێمە لێرەدا تیشکمان لەسەر مرۆڤە، چوونکە بوونی مرۆڤ لەناو ئەم سیستمە پەروەردەییە بوونێکی گرفتدارە، بوونێکی تەواو و کامل نییە، بەڵکوو بوونێکی دەستەمۆ و بەکۆیلەکراوە، تاک لە ڕێگای زانین و مەعریفەوە دەتوانێ ڕەسەنایەتی خۆی بگەڕێنێتەوە.
لە پەروەردەی بانکیدا چەمکی(دیالۆگ) لە پەراوێزدایە، واتە هیچ دیالۆگێک لە نێوان مامۆستا و قوتابیدا بوونی نییە، ئەگەر دیالۆگیش نەبێت قوتابی ناچار دەکرێ بیرنەکاتەوە و بێدەنگ بێت، هەموو ئەمانەش بەسەر یەکەوە وادەکەن قوتابی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بۆ درووست نەبێت.
لە درێژەی تێگەیشتن لە باسەکەدا سەبارەت بە سیستمی پەروەردە، باسی جۆرێکی نوێی سیستمی پەروەردە دەکەین و ناوی دەنێین(پەروەردەی ڕزگاری بەخش)، گرینگترین میکانیزم بۆ دەستەبەربوونی ئەم سیستمە پەروەردەییە بریتیە لە دیالۆگ،واتە دیالۆگ داینەمۆ و پێکهێنەری ئەم سیستمەیە، دیالۆگ لە نێوان مامۆستا و قوتابی لە نێوان هەموو چینەکان و هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا.
بۆ لەناوبردنی پەروەردەی بانکی و ڕاستکردنەوەی خێچ و خواریەکانی واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسیمان، پێویستمان بەر لە ھەر شتێک بە پەروەردە ھەیە، بەڵام پەروەردەیەک نەچێتەوە سەر ھەمان ڕێگا-نەچێتەوە سەر ھەمان نەخشە-ھەمان دەرەنجاممان نەداتەوە، بەڵکوو ئێمە بەدوای ئەلتەرناتیڤێک ـ جێگرەوەیەک دەگەڕێین بە تەواوی جیاواز لە بانکی، ئەویش(ئەلتەرناتیڤی ڕزگاری یا ئازادیە).
ئێمە بڕوامان بە شۆڕشێکی نەرم و لەسەرخۆیی پەروەردەیی هەیە، شۆڕشێک کە ڕەگی سیستمی بانکی و بکەرەکانی لە ڕەگەوە دەربهێنێت و ببێتە هۆکاریش بۆ نەمانی ستەمکاران و گەندەڵکاران، ئێمە باسی ئەم فۆڕمە لە شۆرش دەکەین کە فرێری باسی دەکات و وەک ئەلتەرناتیڤێک بۆ ڕزگاری مرۆڤ لێی دەڕوانێت،لە کۆتایدا دیالۆگ ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەر دەگێڕێت لە هێنانەدی پەروەردەی ڕزگاری بەخش، لێرەدا پێویستە کۆمەڵگای کوردی شەپا زلەیەک لە بانکی بدا و لە شوێنیدا دیالۆگ لە پەراوێزەوە بگوازێتەوە بۆ ناواخنی کۆمەڵگا، بەمەش دەتوانێ بەرەوپێشەوە هەنگاو بنێت و ببێتە خاوەن سیستم و پەروەردەیەکی پێشکەوتوو تەندرووست.