مستەفا دۆلەمەری – مێرگەسۆر:
باخچەی منداڵان دەزگایەکی پەروەردەی و فێرکردنە پێش قوتابخابە و کاریگەری ئەرێنی هەیە لە سەر ژیانی منداڵ، چ وەکو ئامادەکردنی بۆ قوتابخانە و متمانە بە خۆبوونی زیاتر لا دروست دەبێت، بەڵام بەشی زۆری گوندەکانی قەزای مێرگەسۆر بێبەشن لە باخچەی ساوایان.”
هێمن برهان، سەرپەرشتیاری پەروەردەی، لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر، بۆ زاری کرمانجی، گووت:” ” لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر، باخچەی منداڵانمان زۆر کەمە تەنها ٩ باخچەی منداڵانمان هەیە لەم ژمارەیەش تەنها یەکیان لە گووندە، ئەوانی تر لە ناو ناحیەو سەنتەری قەزان، هۆکارەکەشی دەگەرێتەوە بۆ کەمی ژمارەی دانیشتوانە لە گوندەکان، بەڵام هۆکاری دیکەی سەرەکیمان هەیە ئەویش نەبوونی باڵەخانەیەک لە گوندەکان وای لە خەڵکەکە کردووە کەوا منداڵەکانیان نەنێرن، ئەگەر منداڵەکانیشان بنێرن ئێمە دەتوانین خانوویەکیان بۆ بگرین بەکرێ، بەڵام منداڵ هیچ فێر نابێت لە ناو خانوویەکی یەک دوو ژووری.”
لەم بارەیەوە، بەڕێوەبەری پلان دانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، دەڵێت:” لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سۆران ٤٤ چل و چوار، باخچەى منداڵان هەن کە لە بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى سۆران ١٨باخچە و لە سنووری پەروەردەى مێرگەسۆر ٩باخچە، پەروەردەى چۆمان 8 باخچە و پەروەردەی رواندز ٩ باخچە هەن.”
سەبارەت بە کەمى باخچەى منداڵان لە ناحیە و قەزاکان، ئینزار تاهر، بەڕێوەبەری پلان دانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، ناشیشارێتەوە:” راستە لە چاو گەورەیى سنوورەکە ژمارەى باخچەکان کەمە ، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەرێتەوە کە یەکێک لەوانە نەبوونى بیناى تایبەتە بە باخچەى منداڵان کە ئەمە هۆکارێکى سەرەکییە و نەبوونى پێداویستى لە کاتى کردنەوەى باخچەى نوێ بۆ نمونە پێداویستى ئیدارە و یارى منداڵان یاخود نەبوونى دامەزراندى مامۆستا بەتایبەت پسپۆرى باخچەی منداڵان ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێت کە حکومەتى هەرێم و وەزارەتى پەروەردە دەستە وەستان وەستا بێت و ئیتر باخچە نەکاتاتە، و لە سێ ساڵی ڕابردووە چەندین باخچە لە سنوورى هەر چوار پەروەردەی ئیدارەی سۆران کراینەوە بە هاوکارى هاولاتیان و خێرخوازان ، بەلام بەشى هەرە زۆرى باخچەکان لە خانوو و بیناى کرێدان و لە پلانماندایە ئەگەر بارى دارای حکومەت باشتر بێت هەر شارێک یان هەر گوندێکى گەورە ژمارەى منداڵی نزیک ٢٥ بیست و پێنج بێت باخچەیان بۆ دەکەینەوە .