مههدى محهممهد – زاری کرمانجى :
وەزیری دارایی هەرێم ڕاگەیاند کە هیچ بیانوویەک نەماوە تا بەغدا بەشە بودجەی هەرێم ڕەوانە نەکات و سەرجەم داواکارییەکانیان بە شەفافی جێبەجێ کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23 ی تەممووزی 2023، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هێمای بۆ ئەوە کرد داهاتی ناوخۆ بەشی مووچە ناکات و بەغداش ڕێکەوتنەکەی فەرامۆش کردووە داوای لەسەدا سەدی داهاتی ناوخۆ دەکات و دەڵێ : “داهاتی ناوخۆ بەشی مووچە ناکات، هەرچەندە بەپێی یاسای پێویستە لەسەدا ٥٠ی داهاتی ناوخۆ بنێررێت بۆ بەغدا، بەڵام ئێستا ئەوان داوای لەسەدا سەدی داهاتی ناوخۆ دەکەن”.
وەزیری دارایی هەرێم باس لەوەش دەکات کە چیتر پێویست نییە پرسیار لەسەر مووچە ئاڕاستەی ئەوان بکرێت و پێویستە ئەو پرسیارە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت .
وا بڕیار بوو ئەمڕۆ شاندی هەرێم جارێکی دیکە سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ گفتوگۆ لەبارەی بەشە بودجەی هەرێم، بەڵام سەردانەکە بۆ سبەی دوا خرا.