مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
بڕیار وایە ئەمڕۆ یەکشەممە 23 ی تەممووزی 2023 پارێزگاری ورمێ بە یاوەری شاندێک بگاتە هەرێمی کوردستان و هەر وەکوو پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بۆ دەکات، هاتنی پارێزگاری ورمێ بە مەبەستی قسەکردن و ڕێککەوتنە لەسەر کردنەوەی خاڵێکی تری سنووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و چهند پرسێكى تر .
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ محەممەد سادق معتەمدیان، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ) بە یاوەری ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە خاڵی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لەگەڵ ئێمە وەکوو، پارێزگاری هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە یاوەری ژمارەیەکی دیکە لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان لەسەر سێ تەوەری گرنگ کۆ دەبێتەوە، کە یەکێک لەوانە هاتنی زیارەتکرانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کەربەلا و شوێنە پیرۆزەکانی دیکەی عێراق.”
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی گووت: “لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە جگە لە ڕێککەوتن سەبارەت بە کارەکانی کردنەوەی خاڵی سنووری سیدەکان کە لە ئێستادا لە قۆناخی تەواوبووندایە، پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و ورمێ لە بارەی جووڵە بازرگانییەکانی لە خاڵی سنووری تەمەرچین – حاجی ئۆمەران گفتوگۆی سەرەکی نێوان هەردوولامان دەبێت.”