زاری كرمانجی- مێرگەسۆر:
سەفەری سوار، سەرۆكی شارەوانی مێرگەسۆر و بەرپرسی بنكەی گەشتوگوزاری مێرگەسۆر بە وەكالەت، بە زاری كرمانجی راگەیاند، سەیرانگای زرارا، كە دەكەوێتە سنوورەكەمان لەلایەن چەند هاووڵاتییەكی ناوچەكە كافتریا و بە دەیان كەپری گەشتیاری دروست كراون، ڕۆژانە بەتایبەتی ڕۆژانی هەینی بە هەزاران گەشتیار رووی تێدەكەن.
سەفەری سوار، دەشڵێ: ئەو كەپرانەی كە دروست كراون، خاوەنی كەپرەكان شوێنەكانی خۆیان خاوێن دەكەنەوە، بەڵام لەو شوێنانەی كەپر دروست نەكراون، پاشماوەیەكی زۆر لەلایەن گەشتیارانەوە فڕێدراوە و وەكو پێویست شوێنەكانی خۆیان خاوێن ناكەنەوە، بۆیە هەڵمەتێكمان دەست پێكرد و توانیومان تا ڕادەیەكی باش ناوچەكە لە پاشماوەی گەشتیاران پاك بكەینەوە، ئەو جۆرە هەڵمەتانەش بەردەوام دەبن.
گوتیشی: داوا لە گەشتیاران و ئەو هاووڵاتیانەی بۆ گەشت و سەیران و مەلەكردن ڕوو لە رووباری زرارا و شوێنەكانی دەكەن، شوێنی خۆیان بە خاوێنی ڕابگرن و دوای گەڕانەوەیان زبڵ و پاشماوەی خۆیان لەگەڵ خۆیان ببنەوە و لە شوێنی مەبەست فڕێ بدەن، بۆ ئەوەی ناوچەكە بە خاوێنی بمێنێتەوە.