موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
ساڵی ڕابردوو، لەلایەن كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی نیشاندا بە تەرخان كردنی زیاتر لە سێ ملیار دینار بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی نەخۆشخانەی 25 تەختیی سیدەكان، لە ڕێوڕەسمێكدا بەردی بناغەی پڕۆژەكە لە گەڕەكی برادۆستی نزیك سەنتەری قەزای سیدەكان لەسەر ڕووبەری 10 هەزار مەتر دانرا، بەڵێندرەی پڕۆژەكەش، دەڵێت:” هەندێ بڕگە لە پڕۆژەكە زیاد كراون و ناتوانین ئەمساڵ تەواوی بكەین.
فیراس كاكەمین، بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاراسن و بەڵێندرەی پڕۆژەی نەخۆشخانەی 25 تەختی سیدەكان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” كاركردن لە پڕۆژەی نەخۆشخانەی سیدەكان بەردەوامی هەیە، لە ئێستادا گەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی، 75%ی كارەكانی پڕۆژەكە تەواو كراوە، بڕیار بوو لە مانگی 11ی ئەمساڵ نەخۆشخانەی 25 تەختی سیدەكان تەواو بكەین و ڕادەستی حكوومەت و وەزارەتی تەندرووستی بكەین، بەڵام لەم دووایانەدا هەندێ بڕگە بۆ پڕۆژەكە زیاد كراون، بەڵایەنی كەم حەوت مانگی دیكەی دەوێ بۆ تەواو كردن.
فیراس كاكەمین، دەڵێت:” چەند بڕگەیەك لە پڕۆژەكە زیاد كراوە، وەك بەشی ئۆكسجین، پێداویستیەكانی دیكەی پزیشكی، سەرجەم كەلوپەلەكانیش لە ئەوروپا دەهێندرێت، بۆیە نەمان توانیوە دەست بە بەشی ژوورەوەی نەخۆشخانەكە بكەین، بەشێوەیەكی گشتی باڵەخانەی نەخۆشخانەكە تەواو بووە، ئەلیكۆبۆنی لە رووی دەرەوە لێ دراوە، كاشی و چەند كارێكی دیكە بە ئەنجام گەیشتوون، چاوەڕوانی ئەو پێداویستیانە دەكەین، ئەوكات دەست دەكەین بە بەشی میكانیك و كارەبایی و تەبرید، هەروەها گەچ كاری و بڕگەكانی دیكە.
ئەو بەڵێندەرە، ناشی شارێتەوە، ئەگەر ئەو بڕگانە بۆ پڕۆژەكە زیاد نەكرابان بە دڵنیاییەوە بۆ ناوەڕاستی مانگی 11ی ئەمساڵ پڕۆژەكەمان تەواو دەكرد و رادەستی حكوومەت و وەزارەتی تەندروستیمان دەكرد .
پڕۆژەی نەخۆشخانەی 25 تەختی سیدەكان، لەسەر ڕووبەری 10 هەزار مەتر چوارگۆشە لە ڕێكەوتی 3ی 4ی 2022، بە گوژمەی سێ ملیار و چوارسەد و چل پێنج ملیۆن دینار، دەست بە جێبەجێ كردنی كراوە، نەخۆشخانەكە دوو نەهۆمە، بەشی نەشتەرگەری گشتی و لەدایكبوون و هەموو جۆر پشكنین و تاقیگەی و ئۆكسجین و كۆمەڵێك تایبەتمەندی تێدادەبێت، بە تەواو بوونی ئەو نەخۆشخانەیە بۆ چارەسەری و پشكنینەكان، دانیشتوانانی دەڤەری برادۆست چیتر پێویستیان بە سۆران و شوێنەكانی دیكە نابێت”.