سبەی شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ گفتووگۆ كردن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق لەبارەی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكەنەوە.
جووتیار عادل، ئەندامی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق راگەیاند ” سبەی یەكشەممە 23-7-2023، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق گفتوگۆ لەبارەی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان دەكەن.
هەفتەی رابردوو شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی چەند بابەتێكی پێوەست بە شایستە داراییەكانی هەرێم چوونە بەغدا.
ئومێد سەباح، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغدا گووتی” لە كۆبوونەوەكان سەرنجمان لەسەر دوو بابەتی گرنگ كردووە، یەكەمیان ئەوەیە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان پارێزراو بن، دواتر بەشە بودجە و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكان مسۆگەر بكرێت، دووپاتی كردەوە كە ئەندامانی تیمەكە شەونخوونیان كردووە بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستان”.
روونیشیكردەوە” وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەییمان دەربڕیوە، هەرچی پابەندییەك كە لە یاسای بودجەدا هەیە، سەرەڕای تێبینییەكانمان لەبارەی نادەستووریبوونی هەندێك لە دەقەكانی یاساكە، ئامادەییمان دەربڕیوە بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكانمان وەك هەرێمی كوردستان، بەشی زۆرمان جێبەجێ كردووە و ئامادەییشمان پێشان داوە لە هەفتەی داهاتووەوە هەرچی پابەندییەك لەسەر ئێمەیە جێبەجێیان بكەین”.