مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
ئەمڕۆ 22 ی تەممووزی 2023، بزاوتی زمانی کوردی – حەزکورد، لە پێناو بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی، ڕێپێوانێک لە ئیستەنبوڵەوە بۆ ئەنقەرە ئەنجام دەدەن و سەرۆک و دامەزرێنەری بزاوتەکەش لە پەیامێکی ڤیدیۆیی بانگهێشتی سەرجەم چالاکوان و هاونیشتمانییان دەکات بەشداری لە ڕێپێوانەکەدا بکەن.
دوێنێ ئێوارە سوبحی ئۆزگەن، سەرۆکی بزاوتی زمانی کوردی – حەزکورد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی ڤیدیۆیی بە هەر دوو زمانی کوردی و تورکی بڵاو کردەوە و بانگهێشتی هاونیشتمانییان دەکات بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە ڕێپێوانی ئیستەنبوڵ بۆ ئەنقەرە و پێشکەشکردنی داواکاریيان بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی بە بڕیار بە دەستتانی ئەنقەرە .
ئۆزگەن ئەوەش دەڵێ:” بابەتی زمانی کوردی دەکەینە گەرمترین ڕۆژەڤی ئەنقەرە.”
بزووتنەوەی زمانی کوردی، یان حەرەکەتا زمانێ کوردی – حەزکورد لە ساڵی 2020 لە لایەن پارێزەر سوبحی ئۆزگەن و ژمارەیەک چالاکوانانی کورد لە ئامەدی باکووری کوردستان دامەزراوە و کار بۆ ناساندنی زمانی کوردی و جێگیرکردنیی لە دەستووری تورکیا دەکات.