لەسەر سوتانی قورئانی پیرۆز بۆ دووەمجار، هەرێمی كوردستان بڕیاریدا كاری نوێنەرایەتییەكەی لە وڵاتی سوید هەڵپەسێرێت.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە “بەتوندی سەركۆنەی ئەو بێڕێزیە دەكەین كە بۆ دووەم جارە بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید دەكرێت. هاوكات پەلاماردانی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا سەركۆنە دەكات كە ئەمەشیان دژی عورف و یاسا نێودەوڵەتیەكان و رێككەوتنامەی ساڵی ١٩٦١ی ڤیەننایە”.
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە “دوای ڕێكارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی دەرەوەی عیراق ، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش هەڵپەساردنی كار و چالاكییەكانی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە ستۆكهۆڵم ڕادەگەیەنێت”.
رۆژی 20 ئەم مانگە واتە پێنجشەمەی رابردوو، سەلوان مۆمیكا، كە پەنابەرێكی مەسیحی عێراقی دانیشتووی وڵاتی سویدە، بۆ دووەمجار قورئانی پیرۆزە سوتاند.