دوای ئهوهی بهرهبهیانی ئهمڕۆ شەممە ٢٢ی تەموزی ٢٠٢٣ لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە دانیمارک قورئان سووتێندرا، لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە بەغدای پایتەخت هەڕەشەی سوتاندنی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە دەکەن.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەخت دژی سوتاندنی قورئان لە دانیمارک، لایەنگرانی سەدر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و هەڕەشەی سوتاندنی باڵیۆزخانەی دانیمارک دەکەن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگریان لێکرا.
رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لایەنگرانی موقتەدا سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و سوتاندیان، ئەمەش دوای ئەوەی پەنابەرێکی بە رەگەز عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیکا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید چەند جارێک قورئانی سوتاند.
































































