زاری كرمانجی- سۆران
د. كامەران رەسوڵ، پسپۆری زانستی خۆراك، دەڵێت” خواردنی رازیانە سوودێكی زۆری هەیە بەڵام پێویستە بزانن بە چ شێوازێك دەخورێت، گرنگترین سوودەكانیشی یارمەتی نەهێشتنی ئازار و پێچی ناوسك دەدات، رێگری دەكات لە قەبزی، ئاوسانی سك و دڵەكزێ، یارمەتی كەمكردنەوە و چارەسەری نیشانەكانی كۆنیشانەی گرژبوونی كۆڵۆن ( I.B.S ) دەدات، پڕۆسەی هەرسكردنی خواردن باشتر دەكات لە رێگەی خاوكردنەوەی ماسوولكەكانی كۆئەندامی هەرس، هاندانی رشتنی زەرداوی جگەر، زراو و زیاتركردنی سووڕی خوێن بۆ كۆئەندامی هەرس، یارمەتی نەهێشتنی هەندێ مشەخۆر و كرمی رێخۆڵەش دەدات، نەهێشتنی ئازاری سەوەفان بە تایبەت سەوەفانی ئەژنۆ، لەگەڵ كەمكردنەوەی رەقبوونی جومگەكان و یارمەتی كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكرە دەدات.
ئەم پزیشكە ئاشكراشی دەكات” یارمەتی خانمان دەدات بۆ نەهێشتن و كەمكردنەوەی ئازار و رێكخستنی سووڕی مانگانە، خۆپاراستن لە كۆنیشانەی كیسی هێلكەدان و زیادكردنی بڕی شیر لە خانمانی شیردەر، بۆ دابەزاندنی كێش بەسوودە و یارمەتی كەمكردنەوەی ئیشتها، كاراكردنی پڕۆسەی میتابۆلیزم، سووتاندنی چەوری و چالاككردنی كۆئەندامی هەرس دەدات، جگە لەمانە كۆمەڵێك سوودی دیكەشی هەیە وەك بەهێزكردنی بەرگری جەستە، رێگری كردن لە پەتا و ئەنفلوەنزا، دابەزاندنی پاڵەپەستۆی خوێن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەكانی دڵ، هەروەها رەنگە رووڵی هەبێت لە لەناوبردنی هەندێ بەكتریا، نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی هەناسە، شێداركردنەوەی پێست و كەمكردنەوەی تامێسك، چارەسەركردنی ئازاری پێچی ناوسكی كۆرپە، بەڵام پێویستە پێش بەكارهێنانی بۆ منداڵ راوێژ بە پزیشك بكرێت.
د. كامەران رەسوڵ، شێوازی بەكاارهێنانیشی ئاشكرا دەكات و دەڵێت” پێویستە رازیانە بەم شێوەیە ئامادە بكرێت و بخورێت:
-یەك كەوچكی چێشت لە تۆوی رازیانە بەجوانی بكووترێت و كۆپێك ئاوی كوڵاوی بۆ زیاد بكرێ، 20 خولەك دابپۆشرێت و دواتر پێش نان بخورێتەوە، هەروەها بۆ ئەوانەی كە خوازیارن شیرین بێت دەتوانن كەوچكێك هەنگوینی بۆ زیاد بكەن و رۆژانە نابێت سێ كووپ زیاتر بخۆنەوە.
- كەوچكێك چا زەیتی رازیانە لەگەڵ كوپێك ئاوی گەرم و دەتوانرێت هەنگووینیشی تێ بكرێت.
-گوڵەكانی یا لاسك و گەڵاكانی دەكرێت بە سەوزی بكوڵێنرێن و بخورێتەوە پێش نان خواردن.