محەممەد مەحموود- سۆران :
لە دوای كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سۆران، كار لەسەر ئەوەكراوە لەناو پڕۆژەكانی وەبەرهێنان پڕۆژەی هەمەجۆر بخرێنە بەرنامەی كاركردن، بۆ ئەمەش رێكارەكانی پێدانی مۆڵەت بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی پەروەردەیی لە قەزای ناوەندی سۆران لە قۆناغی تەواوبوونە.
دڵڤان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سۆران لە میانەی دیدارێكی زاری كرمانجییدا، باسی لەو پڕۆژە كردن كەوا وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان، خەریكی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەن بۆ چۆنیەتی پێدانی مۆڵەتی كاركردن، لەوانەش پڕۆژەیەكی پەروەردەیی ٪٩٥ كارەكانی تەواو بووە بۆ پێدانی مۆڵەت”.
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێانی سۆران، لەسەر ئەو پڕۆژەیە بۆ زاری كرمانجی ئاماژەی بەوەدا،:” ئەو كۆمەڵگە پەروەردەییە پێكدێت لە باخچەی منداڵان، قوتابخانەی بنەڕەتی و دواناوەندی و ئامادەیی، شوێنەكەشی دەستنیشان كراوەو لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران دەبێت”.
دڵڤان عومەر، گوتیشی:” لە پلانمادایە لە تەواوی قەزاكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەو جۆرە پڕۆژانە ئەنجام بدەین، ئەمەش دەبنە هۆی رەخساندنی چەندین هەلی كاری جیاواز”.