زاری کرمانجی – سۆران :
دەستگیرکردن و ئەشکەنجە کردنی چالاکوانانی کورد و بەشداربووانی شۆڕشی ژینا ئەمینی لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژ بە ڕۆژ لە ناوچە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر دەبێت و بەشێک لە گیراوانیش بەرەو شوێنی نادیار براون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
لە درێژەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی کورد، ژنە چالاکوانێکی کورد لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەرکراو بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتهوه.
بەیان فەرەجوڵڵاهی تەمەن 38 ساڵی خەڵکی شاری سنە ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی دووشەممە 17 ی تەممووزی 2023، لەلایەن هێزێکی تایبەتی حکومەتی ئێران لە نێو ماڵەکەیدا دەستگیری دەکەن و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بە پێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی حکومەت بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بڕیاری دادگا، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی فەرەجوڵڵاهی و دەستبەسەریان کردووە .
به پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە یەکەم هەفتەی ئەم مانگە ١٦٨ هاووڵاتیی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران دەستگیرکراون .


































































