موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
ماوەی چەند مانگێكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی قیڕتاو كردنی ڕێگەی گەلی ڵێتانی لە سنووری قەزای سیدەكان داناوە و كاركرن لە پڕۆژەكە بەردەوامە و قۆناغی باشی بڕیوە .
زوبێر محەمەد ڕەسوڵ، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەی گەلی لێتان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” پڕۆژەی گەڵی لێتان لەلایەن كۆمپانیای ” كاكە ” بۆ بەڵێندەرایەتی بە گوژمەی یەك ملیار و 897 ملیۆن دینار بۆ ماوەی ” 450 ” ڕۆژ دەست بە جێبەجێ كردنی كراوە و ئێمەش وەك بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی رێگە و بانی سۆران سەپەرشتی پڕۆژەكە دەكەین .
زیاتر گووتی:” پڕۆژەی رێگەی گوندەكانی گەڵی لێتان چەند بڕگەیەك لەخۆ دەگرێت، تا ئێستا 20%ی كارەكانی پڕۆژەكە بە كۆتا هاتووە و كاركردنی تێدا بەردەوامە و دوو بڕگە ماون بۆ قۆناغی قیڕ كردن، بەڵام تەواو كردنی پڕۆژەكە دەكەوێتە ساڵی ئایندە .
گووتیشی:” پڕۆژەكە ستراتیژی گرنگە و دانیشتوانانی نزیكەی 15 گوند سودی لێ دەبینن، جیا لە ڕەوەند و كۆچەری و جوتیارێكی زۆر بەهۆی ئەو پڕۆژەوە ئاسانكاریان بۆ دروست دەبێت، لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی هەبوونی ڕووبار و لەباری شوێنەكە، دەتوانرێ بكرێتە شوێنی گەشیاری گرنگ و سەرنج راكێش”.
شایەنی باسە، لە قەزای سیدەكانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ژمارەیەك پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە بواری جێبەجێ كردندان، ئەوانیش پێكهاتوون لە پڕۆژەی دۆڵی زەرزێ، گەلی شێخزادان، گەلی لێتان، بە تەواو كردنی ئەو پڕۆژانە چەندین گوند و ئاوای سودی لێ دەبینن و ئاسانكاری هاتووچۆیان بۆ دروست دەبێت.